بەبۆنەى رۆژى نیشتمانى وڵاتى هەنگاریا ئێوارەى دوێنێ بە ئامادەبوونى د. فوئاد حوسێن نوێنەرى بەرێز سەرۆک بارزانى و سەفین دزەیى نوێنەرى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و پارێزگارى هەولێرو ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانى وڵاتانى بیانى لە هۆڵى هوتێل رۆتانا مەڕاسیمێک بەرێوەچوو.
بە مەبەستى پیرۆزبایی کردن و گەیاندنى پەیامى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ رۆژى نیشتمانى ووڵاتى هەنگاریا، فەلاح مستەفا بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان ووتەیەکە پێشکەش کردو پیرۆزبایى لە گەل و حکومەتى هەنگاریا کرد بە بۆنەى (٥٩) مین ساڵیادى رۆژى سەربەخۆیی ووڵاتەکەیان و رزگار بوون لە ژێر دەستى و حکومى دیکتاتۆرى و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و دیموکراسى لە ووڵاتەکەیاندا.
بەڕێزیان ئاماژەى بە هەوڵەکانى حکومەتى هەنگاریا دا لە پێشخستنى پەیوەندی دوو قۆڵی ووڵاتەکەى لەگەڵ هەرێمى کوردستان و بەردەوام بوون لە هەماهەنگى کردن و هاوکارى کردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى بە داعش و هاوکاریکردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و یارمەتیدانى ئەو ئاوارە و پەناهەندانەى کە روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە.
هاوکات، بەرێز کابا ڤێزیکێنیا کونسوڵى گشتى هەنگاریا لە هەرێمى کوردستان کە بەشێک لە ووتارەکەى بە زمانى کوردى پێشکەشکرد سوپاس و پێزانى خۆى ئاراستەى ئامادەبووان کرد بە بۆنەى (٥٩) مین ساڵیادى رۆژى سەربەخۆیی هەنگاریا. پاشان بەرێزیان ئاماژەى بە هەنگاوەکانى حکومەتى هەنگاریا بۆ یارمەتى دانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ رووبەروو بوونەوەى شەڕى دژ بە تیرۆر لە هەرێمەکەدا ئەویش بە پێشکەشکردنى یارمەتى و هاوکارى سەبازى بۆ هێزى پێشمەرگە کرد.
لە کۆتاییدا، بەڕێزیان ئاماژەى بە کردنەوەى نووسینگەى کونسوڵگەرى ووڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ڕابردوو کرد بە مەبەستى پتەوکردنى پەیوەندیە دوولایەنەکانى نێوان هەردوولا لە رووى دابینکردنى کورسى خوێندن و پەرەپێدانى پەیوەندیە کەلتورى و زانستى و بارزگانیەکان لەماوەى دەست بەکاربوونیان لە هەرێمى کوردستاندا.