نێچیرڤان بارزانی و سینیرلی ئـۆغلو، دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

  • سێ شەممە, 03 ت دووەم 2015

ئێوارەی ئـەمڕۆ سێشەممە 3/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز فەرەیدوون سینیرلی ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەرێز سینیرلی ئۆغڵو سوپاسی ئەو پێشوازیەی كرد و خۆشحاڵیی خۆیشی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی كە ماوەیەكە نیازی ئەو سەردانەی هەبوو، بەڵام لەبەر بارودۆخی ناوخۆی توركیا دەرفەت نەبوو زووتر ئەنجامی بدات.

هەروەك باسی لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەكەدا درووست بوون كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە هەموو بوارەكاندا زیاتر پەرەیان پێ بدرێت بە تایبەتی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسی و هێرشی تیرۆر و بنەبڕكردنی لە ناوچەكە بە یەكجاری، چونكە توركیا هەرێمی كوردستان بە كارەكتەری سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت، هەر بۆیە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندی و هاوكاری و هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوولا كارێگی گرنگ و سوودبەخشە بۆ ناوچەكە بە گشتی.

لای خۆیەوە بەرێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و پیرۆزباییی خۆیشی ئاراستەی خەڵكی توركیا كرد كە سەركەوتووانە كۆتاییان بە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی وڵاتەكەیان هێنا و هیوای خواست حكوومەتی داهاتووی توركیا بە زووترین كات پێكبهێنرێت و ئەو پەیوەندییە تۆكمەیەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا هەبووە، بەردەوام بێت و زیاتر گەشەی پێ بدرێت.

هەروەها باسی لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان كرد و لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بە كێشە ناوخۆییەكان دا و دووپاتی كردەوە كە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ. سەبارەت ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعشیش، بەرێزیان ئاشكرای كرد كە هێزی پێشمەرگە لە سەركەوتنەكانی بەرامبەر تیرۆرستانی داعش بەردەوامە، بەڵام هەرێمی كوردستان پێویستی بە هاوكاریی زیاتری دۆستانی خۆی هەیە بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، ئەمە جگە لەو قەیرانە داراییەی كە ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە.

ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەسەر چەندین بابەت و تەوەری جیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

Read کد خبر: 1653

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی