نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 4/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز ئادەم دینگ جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز دینگ خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەو دیدارانەی كرد كە لە هەولێر لەگەڵ خەڵكی ئێزدی و كرستیانەكان ئەنجامی داون و لە نزیكەوە گوێی لەو نەهامەتیانە بووە كە لەسەر دەستی تیرۆرستان بەسەریاندا هێنراون و جەختی لەوەش كردەوە ئەوانە كەیسی بەهێزن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆرستانی داعش بەكار بهێنرێت و ئەوەش جێگیر ببێت كە جینۆساید بەرامبەر ئێزدییەكان ئەنجام دراوە، بەڵام ئەمە پێویستی بە كۆكردنەوەی بەڵگەی زیاترە و بۆ ئەم مەبەستەش باسی لەو هەنگاوانە كرد كە پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كەیسەدا بیانگرێتە بەر و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند.
ئەوەشی بە بەڕێز سەرۆك وەزیران ڕاگەیاند كە لە چوارچێوەی گەشتەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، سەردانی ئەنجومەنی ڕۆحانیی كوردانی ئێزدی و ئەو كەمپانە دەكات كە ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر تێیدا جێگیر كراون بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری هەموو ئەو نەهامەتییانە بێت كە لە لایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەسەریاندا هێنراون و لە كاتی گەڕانەوەشی بۆ نیوویۆرك باس لە هەموو ئەو نەهامەتی و ناحەقیانە دەكات كە بەرامبەر بە ئێزدییەكان ئەنجام دراون. ئەوەشی بەبیر هێنایەوە لە كاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988، ئەو یەكێك لەو كەسانە بوو كە لە لە هەوڵی بەردەوامدا بوو ئەو تاوانە گەورەیە بگەیەنێتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و تێبینی و سەرنج و پاڵپشتییەكانی بەرز نرخاند و بە پێویستی زانی بەڕێزیان هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو لێژنە تایبەتیە بكات كە لە لایەن حكوومەتەوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی لە دژی ئێزدییەكان ئەنجام دراون پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە كەیسەكە ئامادە بكەن کە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی كەیسەكە وەك جینۆساید بناسێنن و ئێزدییەكان هەر هیچ نەبێت لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە قەرەبوو بكرێنەوە و تاوانبارانیش بگەنە سزاكانیان، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پیشان دا.
نێچیرڤان بارزانی و جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پڕسی جینۆسایدی ئـێزدییەکان تاوتوێ دەکەن
Read کد خبر: 1659 |
Tagged under
دوایین هەواڵەکان
- «سەلام رشدی» لهگهڵ «سەفین دزەیى» بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبووه
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد