ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ـی ١١ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دکتۆر خالد عوبەیدی وەزیری بەرگریی عێراق و فەریق ڕوکن ئەنوەر حەمەدەمین فەرماندەی هێزی ئاسمانی عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا کە بەڕێزان کەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکات و دکتۆر فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، وەزیری بەرگریی عێراق، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و ئازادکردنی شنگالی لە سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: بۆ ئەوە هاتووم پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە مەزنەتان لێ بکەم کە بە سەرکردایەتیی جەنابتان وەدەست هات و کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ دەبێت و بە ئازادکردنی شنگال ئابڵووقەی سەر تیرۆریستان تەسکتر بۆتەوە و ورەی هاووڵاتیانی عێراقیشی بەرز کردەوە. وەزیری بەرگریی عێراق سەرەخۆشیی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکان خواست.
هەر لە دیدارەکەدا وەزیری بەرگریی سەرۆك بارزانیی لە دوایین پێشهاتە ئەمنییەكان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە پارێزگاكانی عێراق ئاگادار كردەوە. هەروەها بارودۆخی پارێزگای ڕومادی و موسڵ و ئاییندەی موسڵ خرایە بەر باس و جەختیش لە بەرەنگاربوونەوە و لەناوبردنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكان كرایەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم دیدارەدا هەماهەنگی و كاری هاوبەشی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە بواری سەربازی و ئاساییش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان تاوتوێ كرا.