لە بەرواری ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥ تاوەکو ئێستا بۆ چەندین جار گەشتە ئاسمانییەکانی ههردوو فڕۆكهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێر و سلێمانی به بیانووى بۆردومانی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر پێگەی تیرۆریستانی داعش لە سووریا، لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقییەوە ڕاگیراون.
ئێمە پشتگیریی هەموو ئۆپەراسیۆنێک دەکەین کە دژى تیرۆرستانى داعش ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەمە نابێ ببێتە هۆى ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی. دیارە ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەبێ ڕاوێژ لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدرال، سەرەڕای دروستکردنى کێشە بۆ هاووڵاتیانى هەرێم و گەشتیاران، زیانی ماددیی گەورەى هەیە بۆ هەردوو فرۆکەخانەكە و کەرتى ئابوورى و بازرگانى لە هەرێم بە گشتی.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمى كوردستان نیگەرانە لەم جۆرە کردارانە و بە فەرمی داوا لە حکوومەتی ڕووسیای فیدراڵ دەکات هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ حکوومەتى عێراقی فیدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، هەروەها بۆ ئاراستەکردنى مووشەکەکانى بە زووترین کات کار بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەکی دیکە بکات لە بری بەکارهێنانى ئاسمانى هەرێمى کوردستان.
لە کاتێکدا بەهۆى جەنگ دژى تیرۆرستانى داعش و بڕینى بەشە بودجەی هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە و دابەزینى نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، هەرێمى کوردستان تووشی قەیرانێکی دارایی بووە، ڕاگرتنى گەشتە ئاسمانییەکان قەیرانێکى دیکە بۆ هەرێم دروست دەکات و ئەگەری قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیش لە لایەن حکوومەتی فیدراڵی عیراقەوە ئەستەمە.
سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان