ڕۆژی دووشەممە 21ـی 12ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هارجیت سینگ ساجان وەزیری بەرگریی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە برۆنۆ ساكۆمانی باڵیۆزی كەنەدا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی كەنەدا.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی كەنەدا باسی لە جوانی و سەرنجڕاكێشی كوردستان كرد و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبوو. هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی ڕۆڵی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و ڕایگەیاند كە گەلی كەنەدا ئاگاداری ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگەن و سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وەزیری بەرگریی كەنەدا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و ئەوەی خستەڕوو كە هەر ئەو سەركردایەتیكردنە كراوە و دیپلۆماسیانەیە هانی ئێمە دەدات یارمەتیی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان بدەین. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە سەرباری بوونی گرفتی گەورە بە دڵفراوانییەوە پێشوازییان لە ئاوارەكان كردووە بە بێ جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی و ئەوە خۆی لە خۆیدا لە ئاستی جیهانیدا بێ وێنەیە و ئەو ڕەفتارە بەرزە ئومێد بە جیهانیان دەبەخشێت و ژیان ئاسانتر دەكات. وەزیری بەرگریی كەنەدا ڕاشیگەیاند كە هاتووە لە نزیكەوە وردەكاریی بارودۆخەكە لە سەرۆك بارزانی ببیسێت و لە گەڕانەوەیدا لەگەڵ حكوومەتی كەنەدا كار بۆ ئەوە دەكەن كە هاوكاری و پشتیوانییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان زیاتر بكەن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوپەیمانان و وڵاتی كەنەدای كرد كە هاوكار و پاڵپشتی گەلی كوردستان بوونە و هەروەها باسی لە هۆكارەكانی دەركەوتن و گەشەی تیرۆریستان كرد لە عێراق و ناوچەكە و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی بۆ شاندی میوان خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند و هێمایشی بەوەدا كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نیازپاكانەی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتیی گەرەكە و نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان ئەو وڵاتانەی شەڕی داعش دەكەن ڕەنگە سوودی بۆ تیرۆریستان هەبێت. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە نابێ هیچ وڵاتێك تیرۆر وەك كارتی یاری بەكار بهێنێت ئەوەی خستەڕوو كە شەڕی تیرۆر نابێ تەنیا لایەنی سەربازی بێت بەڵكو لەڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و فكرییش دەبێ شەڕی داعش بكرێت. لەبارەی حەواندنەوەی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی وەك شانازییەك بۆ گەلی كوردستان باس كرد كە فەزلی ئەوەیش بۆ كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتیخوازی و قبووڵكردنی بەرانبەر لەناو كوردستان دەگەڕێتەوە.
بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و سووریا و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و كەنەدا تەوەرێكی تری ئەم كۆبوونەوەیە بوو.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێم و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.