سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی نوێی ئیتالیا لە هەولێر كرد

  • دوو شەممە, 04 ک دووەم 2016

ڕۆژی دووشەممە 4ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو ئەلێساندرا دی پیپۆ كونسوڵی نوێی ئیتالیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كە كارمێلۆ فیكاڕا كۆنسوڵی پێشووی ئیتالیا لە هەولێر ئامادە بوو، كونسوڵی نوێی ئیتالیا كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی و دەستپێكردنی ئەرك و كاری لە هەرێمی كوردستان نیشان دا. باسیشی لەوە كرد كە كوردستان بۆ گەل و حكوومەتی ئیتالیا بایەخێكی تایبەتی هەیە و هەموو هەوڵێك دەدا بۆ ئەوەی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان باشتر بكات و بەرەو پێشەوەی ببات. هەر لەم دیدارەدا كونسوڵی پێشووی ئیتالیا لە هەولێر ڕایگەیاند كە گەل و حكوومەتی ئیتالیا بە تەواوی ئاگاداری هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستانن بۆ تێپەڕاندنی تەحەدیات و هەڕەشەكان و ستایشی كولتووری پێكەوەژیان و ژیانی دیموكراسی و پاراستنی پێكهاتەكان و یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەوماوان دەكەن. هەروەها باسی لە ماوەی كاركردن و ئەزموونی خۆی كرد لە هەرێمی كوردستان و ناسینی سەرۆك بارزانی بە شەرەفێكی گەورە لە قەڵەم دا.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی نوێ و پێشووی ئیتالیا خواست و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان بوون و سەردانی بەرپرسە باڵاكانی ئیتالیا هەر لە دەستپێكی شەڕی تیرۆریستان هەتا ئێستا ئاماژەیەكی ڕوونە بۆ دۆستایەتی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و ئیتالیا و گەلی كوردستان هەڵوێستی وڵاتی ئیتالیا لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و كوردستان لەبیر ناكات. هەروەها هیوای خواست كە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیتالیا لە هەموو بوارەكاندا بەرەوپێشڤەچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

 

Read کد خبر: 1756

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی