ڕۆژی پێنجشەممە 14ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ تۆم بەكێت نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و ڕاوێژكاری سەربازیی بریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكوومەتی بریتانیا پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی شنگال و شكستدانی تیرۆریستان كرد و پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی ئەو سەركەوتنانەدا هەبوو و ڕایگەیاند كە جیهان ڕێزی هەیە بۆ ڕۆڵی میحوەریی پێشمەرگە كە لەسەر ئەرزی واقعدا ڕووبەڕووی تیرۆریستان بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئاگاداری ئەو گوشارە ئابوورییانەن كە لە ئەنجامی تێچوونەكانی شەڕ و هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی بریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی كرد كە لە شەڕەكاندا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە بوون و پشتیوانییە ئاسمانییەكانی بە كاریگەر وەسف كرد. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی باسی لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كرد و هەروەها تیشكی خستەسەر قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان لە تێپەڕاندنی تەحەدیاتەكان.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا باس لە پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی شەڕ كرا. بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەكە و هەروەها ئاییندەی عێراق و قۆناغی دوای داعش و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هزری توندڕۆیی تەوەری دیكەی دیدارەكە بوون.