بە بەشداریی بەرێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانى ههرێمى كوردستان، ئەمڕۆ شەممە 23 - 1 - 2015 حكوومەتی هەرێمی كوردستان وۆركشۆپێكی یەكڕۆژی بەمەبەستی ئامادەكردنی پلانێك بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ڕێكخست.
لە وۆركشۆپەكەدا كە وەزیرە بەرێزەكان و ژمارەیەكی بەرچاوی بەڕێزان بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندار و ڕاوێژكاران و پسپۆڕانی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سهرۆكى فراكسیۆنهكان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و شارەزایانی بیانی و بەرپرسانی ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، وۆركشۆپهكه بەسەر پێنج ژووردا دابەش كرا كە بریتی بوون لە ژوورەكانی داتا، خەرجییەكان، چاكسازی، داهات و ڕاگەیاندن.
لە هەریەك لەم ژوورانەدا ژمارەیەك لە بەرپرسان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاكانی داتا، خەرجی، چاكسازی، داهات و ڕاگەیاندن بە دوور و درێژی دۆخی داراییی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و كۆمەڵێك ڕاسپارده و پێشنیار و تێبینی و ڕێگەچارە بۆ چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانی داراییى ئێستای هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو كە هەموو تێبینی و ڕێگەچارەكان لەسەر بنەمای ڕێژەی داهات و خەرجییەكان بنیات نرا بوون، بەو واتایەی كە ئەو داهاتانەی لەم دۆخەدا لە فرۆشی نەوت و داهاتەكانی ناخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەستی حكوومەت دەكەوێت، چۆن بۆ پێدانی مووچە و بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكوومەت خەرج بكرێت؟، هاوكات پلانێكى تۆكمهى چاكسازیش بخرێته بوارى جێبهجێكردنهوه.
بەشداریی بەرپرسانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەم وۆركشۆپەدا بۆ ئەوە بوو كە ئایا میدیا لە هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گەیاندنی زانیاریى دروست و دید و بۆچوون و پلانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە بكات و پلان و پەیامی حكوومەت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بە هاوڵاتیان و ڕای گشتیی هەرێمی كوردستان بگهیهنرێت.
لە ژووری داتادا، هەموو ئەو داتایانەی پێویست بوون دەربارەی تەواوی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان و چۆنییەتیی خەرجكردنیان، بەردەست بوون. هەروەها لە ژووری چاكسازیش تەواوی ئەو ڕێگەچارە و ڕاسپارده و پێشنیارانە گفتوگۆیان لەسەر كرا كە لەگەڵ گرتنەبەری ڕێكارەكان بۆ چارەسەركردن و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی چاكسازیش پێویستن بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا هاوسەنگییەك لەنێوان داهات و خەرجییەكان لە هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت.