ڕۆژی شەممە 26ـی 3ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بان كیمۆن سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جیم یونگ كیم سەرۆكی بانكی جیهانی و ئەحمەد عەلی سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان و بانكی جیهانی و بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەرۆكی بانكی جیهانی و سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی و شاندی یاوەریان كرد و هاتنی ئەو شاندە بەرزەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان بە پڕبایەخ و مایەی ئومێد بۆ گەلی كوردستان وەسف كرد. سەرۆك بارزانی لە وتەیەكدا باسی لە قوربانیدانی گەلی كوردستان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرباری شەڕێكی قورس، كوردستان ڕووبەڕووی تەحەدیی قەیرانی دارایی بووەتەوە و سەدانهەزار ئاوارەیشی حەواندووەتەوە و وێڕای ئاماژەدان بە هۆكارەكانی قەیرانی دارایی ئەوەیشی باس كرد كە هەتا ئێستا هیچ لایەنێك لەڕووی دارایی هاوكاریی كوردستانی نەكردووە و حكوومەتی عێراقیش كاری بە پابەندبوونەكانی نەكردووە لە یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئاوارەكان. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بەرنامەی چاكسازیی حكوومەتی هەرێم و ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم پابەندی هەموو پێوەر و ئەو بنەمایانە دەبێت كە بۆ چاكسازی پێویستن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی عێراق و هەرێمی كوردستان ڕەچاوی ئەوە بكات كە بەشی زیاتری قورسایی شەڕی تیرۆر و تێچوونی پەنادانی ئاوارەكان بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە. داوایشی كرد كە لە سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و دامەزراوە جیهانییەكان ڕێنوێنی و ڕاوێژی پێویست پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
هەر لەم دیدارەدا سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزیشی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە لەگەڵ شاندە یاوەرەكەی بۆ نیشاندانی پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ گەلی كوردستان هاتووە و ستاییشی سەركردایەتیكردنی سەرۆك بارزانی و ئازایەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە شكستدانی تیرۆریستان و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە ناوێكی ناسراوە لە ئاستی جیهانیدا كە لە هێڵی یەكەمی پاراستنی جیهانە لە هەڕەشەی تیرۆر و ئاماژەیشی بەوەدا كە جیهان ئاگاداری ئەو تەحەدیاتانەیە كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بووەتەوە و بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە سەركەوتنی ئێوە لەم شەڕەدا و لە بارودۆخێكی سەختی ئابووری جێگەی سەرسامیی هەموو جیهانە. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمیشی كرد كە شانیان داوەتە بەر حەواندنەوەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو. سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەرسامیی خۆی بۆ سەركردایەتییكردنی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و ئەوەی دووپاتكردەوە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانییە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیری.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆكی بانكی جیهانی سەرۆك بارزانیی لە هەوڵەكانی بانكی جیهانی ئاگادار كردەوە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و ڕەزامەندیی خۆیشی نیشاندا لەسەر بەرنامەی چاكسازیی و جددیبوونی حكوومەتی هەرێم لەمبارەیەوە و، ڕایگەیاند كە حكوومەتی هەرێم شاییستەی ئەوەیە جیهان پشتیوانی بێت. هەروەها لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە سەرۆكی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی لە گوتەیەكدا تەئكیدی لە هاوسۆزیی و پەرۆشیی بانكی گەشەپێدانی ئیسلامی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایگەیاند كە بۆ ئەوە هاتووە كە لەگەڵ بانكی جیهانیدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن لە سەرخستنی چاكسازی و یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها هاوكاریكردن بۆ گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ناوچە ئازادكراوەكان.
لە كۆتایی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی وەك دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان وەسفكرد و سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی تیمەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە لە كوردستاندا چالاكن.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیری پلاندانان و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.