قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند : مەترسی گەورە لە عیراق وكردستان، نەشەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشە ونە كێشە سیاسیەكانە، بەڵكو قەیرانی داراییە و حكومەتی هەرێم پلانێكی تۆكمەی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە دەستپێكرووە.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران قوباد تاڵەبانیرۆژی پێنجشهممه 17-3-2016لە میانی بەشداری كردنی لە پانێڵیكدا لە دیداری سلێمانی / زانكۆی ئەمریكی رایگەیاند : ئەگەر ئابوریمان باش نەبێت ئەوا ناتوانین لە شەری دژ بە تیرۆریستانی داعش سەركەوتوو بین، بۆیە ئابوریەكی بەهێز زۆر گرنگە بۆ ئەوەی سەركەوتوو تر بین لەو شەرە نەخوازراوەدا.
ئاماژەی بەوەشدا كە رۆژ بەرۆژ بەسەر قەیرانەكان زاڵتر دەبین ووتی: دڵنیاشم بەسەر داعش سەردەكەوین وبنبری دەكەین وقەیرانی داراییش چارەسەر دەكەین چونكە ئیرادەمان هەیە بۆ چارسەر وبڕیاری بوێریش دەدەین لەو بارەیەوە.
سەبارەت بە پلانەكانی حكومەت بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی دارایی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند : پلانەكانمان مەودای درێژخاین وپلانی مەودای كورتیشمان هەیە، چونكە كێشە كەڵەكە بووەكانی زیاتر لە 20 ساڵی رابردوو بە رۆژ ودوو رۆژ چارسەر ناكرێن، پلانەكانیش پێك هاتوون لە ، یەكەم: كەم كردنەوەی خەرجییەكانی حكومەت، دووەم: زیاد كردنی داهاتی غەیرە نەوت لەبەر دابەزینی نرخەكەی لەبازارەكانی جیهان، سێیەم: بڕیاری چاكسازیمان داوە ودەشیكەین".
سەبارەت بەچۆنیەتی زیاد كردنی داهاتی غەیرە نەوت قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە دا كە سیستەمی باج وگومرگ لە كوردستان پێداچوونەوەی تێدا دەكرێت چونكە ئەو سیستەمەی بەكارە لە ئێستادا لاوازە، بۆیە گوڕانكاری بەسەردا دێت لە پێناو رێكخستنەوەی وزیاتر سوود وەرگرتن لەو داهاتە.
سەبارەت بە كەرتی نەوت ووتی "كەرتی نەوت شەفافتر دەكەین ولایەنێكی دەرەكی تایبەتمەندیش بە وردبینی لەو كەرتە بەشدار دەكەین، بۆ ئەوەی زیاتر شەفاف بكرێت وئەو گومانانە بڕەوێنەوە كە لەسەر ئەو دۆسیەیە هەیە."
وتیشی " ئیش لەسەر ئەوە دەكەین كە هەندێك لە سێكتەرەكان بدەین بە كەرتی تایبەت بۆ ئەوەی خەرجی حكومەت لەو كەرتانەدا كەمتر ببێتەوە."
بەنمونە، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە كەرتی كارەبادا ووتی : ساڵی 2014 زیاتر لە 3 ملیار و500 هەزار دۆلارمان بۆ دابینكردنی كارەبا تەرخانكردووە وكارەباش باش نەبوو، خەڵكیش مافی خۆیەتی ئەو گلییە بكات، بۆیە پیمان وایە كاتی ئەوە هاتووە بدرێت بە كەرتی تایبەت ودڵنیاشم كەرتی تایبەت باشتر ئیدارەی دەكات".
ئاماژەی بە بڕی داهات وخەرجییەكانی حكومەتدا و وتی "هەوڵی ئەوە دەدەین هاوسەنگییەك لە نێوان داهات وخەرجییەكانی حكومەت دروستبكەین".
سەبارەت بە نەهێشتنی دوو موچەیی وموچە خۆری بندیوار ڕایگەیاند: یەكێك لە پلانەكانمان پێداچونەوە بە هەیكەلیەتی حكومەت و رێكخستنەوەی میلاكاتە، ولەئێستاشدا خەریكی دامەزراندنی پرۆسەی بە ئەلكترۆنی كردنی موچە بۆ ئەوەی بتوانین دوو موچەیی وبندیوار نەهێڵین".
لە كۆتایی قسەكانیدا بەرێز جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ووتی " ئێمە گەشبینین لەبەر ئەوەی نەخۆشیەكە وشوێنی كەموو كوڕیەكانمان دیاری كردووە ودەشزانین چۆن چارەسەری بكەین، پێویستمان بە ئیرادەیە وئیرادەشمان هەیە وبڕیاری بوێریش دەدەین بۆ ئەوەی لەهەموو قەیرانەكان دەربازمان ببێت".