ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فرانك بەیكر باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ئەنگوس مكی كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و قەیرانی سیاسی و هۆكارەكانی قووڵتربوونی قەیرانی سیاسی ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها باسیش لە پڕەنسیپی شەراكەت و بەشداری و ڕاوێژی بەردەوامی لایەنەكان بۆ چارەسەری گرفتەكان كرا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە دوا گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و ئامادەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵیش تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پێویستی ڕێككەوتنی سیاسی نێوان لایەن و پێكهاتەكان كرایەوە بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ، ئەویش لەپێناو ڕێگەگرتن لە قووڵتربوونی كێشەكان و دروستبوونی دڵنیایی بۆ پێكهاتەكان كە لە ئاییندەدا ژیان و ئاسوودەییان گەرەنتی بكرێت و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.