ڕۆژی چوارشەممە 6ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئێنزۆ ئامێندۆلا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ماركۆ كارلینۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق و خاتوو ئەلیساندرا دیپیبۆ كونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شكاندنی تیرۆریستان و ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی خۆی بە دۆستی گەلی كوردستان دەزانێ و ڕێزی هەیە بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هەروەها ویستی گەلی كوردستان بۆ دابینكردنی ئاییندەییەكی باشتر.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە هاتووە پابەندبوونی وڵاتەكەی دووپات بكاتەوە بۆ پشتیوانی لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد و سەردانی سەرۆك وەزیران و بەرپرسە باڵاكانی ئیتالیای بۆ هەرێمی كوردستان لە سەرەتاكانی شەڕی داعش بە بەڵگەی دۆستایەتی گەلی كوردستان و گەلی ئیتالیا لە قەڵەم دا و پێشوازیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا كرد لە بوارە جیاجیاكاندا. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی باسی لە شەڕی تیرۆر و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە تیرۆر هەڕەشەیەكی جیهانییە بۆ سەر هەموو لایەك و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی نیازپاك و جددی هەموو وڵاتانی پێویستە و نابێ هەندێك لا تیرۆر وەك كارت بەكاری بهێنن چونكە لە ئەنجامدا هەر خۆیان لە ئاگری تیرۆردا دەسووتێن.
هەر لەم دیدارەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیی لە كار و چالاكیی تیمەكانی ئیتالیا لە كوردستان و سەدی موسڵ ئاگادار كردەوە.