نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە بەڕێز ئید رۆیس سەرۆكی نوێنەرایەتیی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ئەندامانی كۆنگرێس و ژمارەیەك دیپلۆماتكارانی ئەمەریكی پێكهاتوو.
لە دیدارێكدا كە هەریەكە لە بەڕێزان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و وەزیرانی ناوخۆ و پێشمەرگە بە وەكالەت و پلاندانانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و پشتگیریی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر و لە لایەنی مرۆییەوە دووپات كردەوە و هەڵوێستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان بۆ پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و دابینكردنی جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان، بەرز نرخاند.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لە ڕەوشی ئافرەت لە هەرێمی كوردستان و جێگە و پێگەیان لە كایەكانی بەڕێوەبردن و سیاسی و كۆمەڵایەتیدا كرد و لەمبارەیەشەوە ئاماژە بە ئافرەتە ئازادكراوەكانی ئێزدی لە دەستی داعش و ئازادكردنی ئەوانەی كە ماون كرا و جەختیان لەسەر چاودێریكردنیان لەباری دەروونییەوە و چۆنییەتیی گەڕاندنەوەیان بۆ ناو كۆمەڵگا، كردەوە. هەروەها ئامادەییی خۆشیان بۆ هاوكارییكردنی هەرێمی كوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی دەربڕی.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیران سوپاسی سەردانی شاندی كۆنگرێس و پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی دۆستانی كورد لە كۆنگرێسی ئەمەریكا كرد. هەروەها تیشكی خستە سەر دوا پێشهاتەكانی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و ئاماژەی بەوە دا كە هێزی پێشمەرگە لەو شەڕەدا پێویستی بە پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتانی دۆست بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی هەیە و جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە چەكی مۆدێرن بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت تا بتوانێت لە سەركەوتنەكانی بەسەر تیرۆردا بەردەوام بێت.
دواتر بەڕێزیان باسی ڕەوشی هەرێمی كوردستان و ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە و هۆكارەكانی كرد و هیوای خواست وڵاتانی دۆست لەمبارەیەوە هاوكار و پشتیوانی هەرێمی كوردستان بن. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە بەشی هەرێمی كوردستان لەو قەرزە نێودەوڵەتییە دابین بكرێت كە حكوومەتی عێراق وەریدەگرێت.
هەروەك باسی لە ڕێكارەكانی ناچاری دارایی و پلانێكی چاكسازی حكوومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان چاوی لە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە بەتایبەتی كە دەرگای هەرێمی كوردستان بۆ وەبەرهێنەر و بزنسمانەكان كراوەیە تاكو بێن لە هەرێم وەبەرهێنان بكەن و لەم ڕێگەیەوە هاوكار بن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە داراییە.
تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بە گشتی و ڕەوشی ئەو دەڤەرانەی كە لە دەستی تیرۆرستانی داعش ڕزگار كراون و چۆنیەتیی ئاوەدانكردنەوەیان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.