پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 4 - 4 - 2016 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوزای لە خاتوو ئێڤا درداكۆڤا كونسوڵی گشتیی نوێی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنان، پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە خاتوو درداكۆڤا كرد كە وەك كونسوڵی گشتیی نوێی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان دەستبەكار بووە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و هەموو هاوكاری و پشتگیرییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندارەكانی بۆ كار و چالاكییەكانی كونسوڵخانەی گشتیی چیك لە هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری چیك كردەوە و ئامادەییان بۆ پێشكەشكردنی هەموو ئاسانكارییەك لەپێناو بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا بە تایبەتی لەو بوارانەدا كە بۆ هەردوولا گرنگن، دەربڕی.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا خاتوو درداكۆڤا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی لە پشتگیری و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت و ئاماژەی بەوەش دا كە چەند پرۆژەیەك لە هەرێمی كوردستان جێبەجێی دەكەن لەوانە سپۆنسەركردنی كەمپی ئاشتی بۆ ئاوارە و پەنابەران لە پارێزگای سلێمانی، دروستكردنی باڵەخانەی كەنیسەیەك لە ئەلقۆش، ڕاهێنانی پزیشكانی هەرێمی كوردستان لە پراگی پایتەختی چیك، چارەسەركردنی پێشمەرگە بریندارەكان لە نەخۆشخانە سەربازییەكانی چیك بە تایبەتی ئەوانەی كە چارەسەرییان لە هەرێمی كوردستان نییە و لە داهاتووشدا بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی داعش ڕزگار كراون.
تاوتوێكردنی ڕەوشی ناوچەكە بە گشتی و عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.