ڕۆژی دووشەممە 25ـی 4ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە میشێل دیزێر باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی تازەی وڵاتی نەمسا بۆ عێراق و ئۆردون سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و ڕایگەیاند كە سڵاوی گەل و حكوومەتی نەمسای بۆ گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی هێناوە و هاتووە بۆ ئەوەی كار بۆ قووڵتركردنی پەیوەندییەكان بكات و بزانێ كە چۆن وڵاتەكەی بتوانێ زیاتر هاوكاریی گەلی كوردستان بكات. هەروەها ئەوەیشی بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو كە گەلی نەمسا سۆزێكی زۆری بۆ گەلی كوردستان هەیە و ئاگاداری گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانن لەبەرانبەر تەحەدیاتەكاندا، پێزانینیشی هەبوو بۆ میوانداریی و دڵفراوانیی گەلی كوردستان كە بوونەتە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە و لێقەوماو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی تازەی نەمسا لە عێراق و ئۆردون خواست و وێڕای ئاماژەپێدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی كوردستان و نەمسا ستاییشی گەلی نەمسای كرد كە دۆست و پشتیوانی گەلی كوردستانن و پێشوازیشی كرد لە قووڵتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. سەرۆك بارزانی لە درێژەی گوتەكانیدا باسی لە شەڕی داعش و ئەو تەحەدیاتانە كرد كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە. پەیوەست بە شەڕی داعش و تیرۆر سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە شەڕی داعش پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی جدیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و شكستدانی داعشیش تەنیا ڕەهەندی سەربازی نییە بەڵكو پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و سیاسیشەوە داعش و تیرۆر تێكبشكێندرێت.
هەر لەم دیدارەدا باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و ئاییندەی گەلی كوردستان كرا و بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا و سووریا ئاڵوگۆڕ كرا.