پێویستە بگەرێینەوە بۆ بنەماکانی سەرەتای دروست بوونی بەرەی کوردستانی کە بە ئاشت بوونەوەی گشتی و لێ بوردەیی و یەک ریزی توانیمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین

”دوا بژارە و کاردانەوەی کردەیی ئێران بەھۆی ریفراندۆمەوە داخستنی مەرز دەبێت“

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، لەسەر پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و کاردانەوەکانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە لەسەر ئەو پرسە و ھەروەھا پەیوەندییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئێران بۆ (باس) دەدوێت.

 

(باس) بە حوکمی ئەوەی بەڕێزتان نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن لە ئێران، ئێستا پەیوەندیی ئێران لەگەڵ ھەرێم لە چ ئاستێکدا دەبینن؟

 

نازم دەباغ: دیارە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران تا ئێستا دەکرێت بگوترێ باشە و بەتایبەت لە رووی چالاکیی ئابووری و کولتووری و کۆمەڵایەتی و ھاوکاریی سەربازی و ئاساییشەوە، ھەروەھا پەیوەندیی سیاسییش بەردەوامە لەڕووی ئاڵوگٶڕی بیروڕا و گفتوگۆکردن، چ لە سەردانی شاندەکانی لایەنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە سەردانی بەرپرسانی ئێران لە ئاستی بەرز و باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکاندا، تەنیا کێشەیەک کە ھاتووەتە پێش، باسی ریفراندۆم و سەربەخۆییە، ئەویش تا ئێستا کاری نەکردووەتە سەر تێکدانی پەیوەندییەکان.

 

(باس) ئێران ھەر زوو بەئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ ریفراندۆم و وەرگرتنی رای ھاووڵاتییانی کوردستان بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆیان، پیشان داوە، ئایا تا ئێستاش ئەمە ھەڵوێستیەتی؟

نازم دەباغ: ئێران لە سەرەتاوە بەڕاشکاوی، بەتایبەت لەدوای راگەیاندنی رای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق، واتە کاتێک رێبەری ئێران ئەم رایەی ھەبێت، ئاسان نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رای خۆی پاشگەز بێتەوە، پێم وایە ھیچ گۆڕانێک بەسەر ھەڵوێستیدا نەھاتووە و دووپاتی دەکەنەوە کە لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدان و ئامادەیی خۆشیان دەربڕیوە پشتیوانیی ھەموو رێککەوتنێک دەکەن، کە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەری رێک بکەون.

 

(باس) پێتان وایە کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ریفراندۆم بە کردەیی چی دەبێت؟

 

نازم دەباغ: بەداخەوە ئەمڕۆکە ئەوەی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمە تەنیا ئێران نییە، بەڵکوو تورکیا و عێراقیش جەختیان لەسەر کردووە کە نابێت ئەنجام بدرێت، ھەر یەکەیان بە شێوەیەک، ئەڵبەتە وڵاتی تر وەکوو ئەمەریکا رووسیا و ئەوروپیییەکان بە گونجاوی نازانن، بە ھۆکاری بوونی شەڕی داعشەوە، بۆیە ھیچ بژارەیەکی تریشیان بۆ کورد نییە، کە بە ئەنجامنەدانی چی بۆ دەکەن، بۆیە سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بەدڵنیاییەوە دوا بژارەیان بەپێی زانیارییەکانی بەندە داخستنی مەرز دەبێت.

 

(باس) ھیچ ئومێدێک بۆ ژیانی سیاسی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق شک دەبەن؟

 

نازم دەباغ : بە بڕوای من لەو رۆژەوە کە کورد دەستی بە خەبات و شۆڕش کردووە، بڕوامان وابووە کە ژیان و گوزەران لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق ناکرێت و رۆژ لەدوای رۆژ مانەوە و ژیان سەختر دەبێت، لە کاتێکدا ئێمە بڕوامان وابوو دوای رژێمە شوفێنیزمەکانی گۆڕبەگۆڕ، کە گەلانی کورد و کوردستانیان دەچەوساندەوە، وامان دەزانی بە رووخاندنیان ھەلێکی تر دێنێتە کایەوە، بەھۆی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و ھاوخەباتەکانمان دەکرێت دان بە مافەکانماندا بنێن و بتوانین پێکەوە بژین، بەڵام بەداخەوە ئاسان نییە مانەوە و ژیان لەگەڵ ئەو جۆرە دەسەڵاتەی بڕوا بە مافەکانی گەلی کورد نەنێت و رەفتاری بەعسییانە بێت.

 

(باس) کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەسەر زاری بەڕێزتەوە شتێکی بڵاو کردەوە، دواتر تۆ ئەو قسانەت رەت کردەوە، ئەمانەوێـت زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بۆ خەڵک بدوێی.

 

نازم دەباغ: زۆر بەداخەوە کە زۆرینەی راگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو ئامانج و بەرنامەی کە پەیوەستن پێیانەوە دابەش بوونە، بەندە کە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانم، لە ھەمان کاتیشدا یەکێتیم. کاتێک چاوپێکەوتنێک ئەنجام دەدەم بەدڵنیاییەوە رەچاوی ھەمووی  دەکەم، ئەگەر مەبەستیان لەو مانشێتە بوو کە (ئێن ئاڕ تی) دروستی کردبوو، بەدڵنیاییەوە دروستکراو بوو، لە کاتێکدا لەگەڵ ئەوان چاوپێکەوتنم نەکردبوو، چونکە من ھەمیشە گوتوومە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مافی رەوای گەلەکەمانە و ھەر کەسێک و کوردێک پشتیوانی نەبێت بە خیانەتی دەزانم، دیارە پرسی ریفراندۆم کارتێکە، یا ھۆکارێکە بۆ بەدەستھێنانی مافەکان، کەچی برایانی (ئێن ئاڕ تی) بە مەبەستی دیاریکراو قسەکانیان پچڕپچڕ کردبوو، ئەگەرنا فەرموون ھەموو چاوپێکەوتنەکان بە تۆمارکراوی ھەیە و زۆربەشی لە ماڵپەڕی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێم لە تاران لەسەر تویتەرەکە بڵاو کراوەتەوە، جارێکی تر دەیڵێمەوە، ھەر کوردێک پشتیوانیی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نەکات خیانەتی کردووە، بەڵام ئەوەشم لەگەڵدا گوتووە کەی و چۆن، دیارە کە دەستەبەرکردنی یەکڕیزی و یەکگوتاریی سیاسی و بە یاساییکردن، مەرجی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندومە.

 

(باس) لە چەند میدیایەکی کوردستانی و دەرەوەدا رای دژ بە یەک ھەبووە سەبارەت بە دیدی ئێوە بۆ ریفراندۆم، دەمانەوێ بەڕاشکاوی رای ئێوە سەبارەت بە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بزانین چییە؟

 

نازم دەباغ: پێم وانیە ھیچ لێدوانێکی دژ بە یەکمان ھەبێت و ھەمووی تۆمار کراوە و لام ھەیە، تەنیا ئەوە نەبێت زۆر جار خوێنەری کورد تەنیا مانشێت دەخوێنێتەوە و سەیری ناوەڕۆک ناکات، کە خۆشتان دەزانن رۆژنامە و تەلەڤزیۆن و راگەیاندنەکان بەپێی لێکدانەوەی خۆیان مانشێت بە مەبەست دروست دەکەن. ئەوەی سەر بە کەمپینی (نەخێرە)، یان (بەڵێ) بەپێ‌ی خواستی خۆی دای دەبەزێنێت و ھەروەھا ئەمەم لە ئێوەش دیوە.

 

(باس) ئێستا کەسانێک لە ھەرێمی کوردستان پرسی ڕیفراندۆم لەم دۆخەدا بە گونجاو نازانن، ئێوە لەسەر ئەمەدا چی دەڵێن؟

 

نازم دەباغ: پێم وایە بوونی بۆچوونی جیاواز بەڵگەی بوونی ئازادی و جۆرێ لە دیموکراسییەتە، کە بەداخەوە ھەندێک خراپ بەکاری دەھێنن. بەشێک لە ئوباڵی بوونی ئەم ڕایە جیاوازانە لە ئەنجامی ئەو قەیران و بارودۆخەیە، کە بەشێکی سەرکردایەتیی سیاسی لێی بەرپرسیارە و بەشێکیشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە ئاستی ھۆشیارکردنەوە و بەڕێوەبردنی وەکوو پێویستدا نەبووە لە ڕووی چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کەموکوڕییەکان.

 

(باس) ئێوە سەرەڕای ئەوەی نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، لە ھەمان کاتدا ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن، یەکێتی و ئێرانیش پەیوەندییەکی لەمێژینەیان ھەیە، پێتان وانییە بەھۆی سووربوونی یەکێتی لەسەر ڕیفراندۆم، ئێران پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیدا خراپ بکات؟

 

نازم دەباغ: حەز دەکەم ڕاستییەک ھەیە بیزانیت، کە بەر لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێم وایە پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانی زووتری بووە لەگەڵ ئێران، ھەر لە ڕووخانی شای ئێرانەوە تا ئێستا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مانگی ٠٥/١٩٨٥ ھەوڵی دا پەیوەندییەکانی دروست بکات، کەواتە تەمەنی پەیوەندییەکانی پارتی ٨ ساڵ زیاترە لە یەکێتی. بۆ ئەمڕۆکە دەتوانم بڵێم (یەکێتی– پارتی) تا ئێستاکە چ لە پەیوەندییان لەگەڵ ئێران و چ لەسەر بۆچوونیان لەسەر ئەنجامدانی ڕاپرسی جیاوازییان ھەبێت یەک ھەڵوێستن، واتە ئێران ھەمان ھەڵوێستی لەگەڵ یەکێتی لەگەڵ پارتیش دەبێت، دەمەوێ دڵنیات بکەمەوە ھەمیشە یەکێتی لەپێناوی خواستی گەلی کورد و مەسەلە نەتەوەییەکان قوربانیی داوە، لە کاتێ شاندی یەکێتی ھاتە تاران، وەکوو خۆی بەرگریی لە مافە رەواکانی کردووە و بەپێی دروشمەکانی ڕاستگۆش بووە. بۆیە بڕوام وایە ئەگەر پەیوەندیی خراپ بێت لەگەڵ ھەموو حکوومەتی ھەرێم و لایەنەکان خراپ دەبێت، پەیامی ئێران بۆ ھەمووان وەکوو یەکە.

 

(باس) ھەڵوێستی ناوچەیی و ھەرێمی لە ئاستی پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان چۆن دەبینن؟

 

نازم دەباغ: تا ئێستا ئاسۆیەکی روون نییە، کە پشتیوانی لە ڕاپرسی بکەن، لە کۆبوونەوەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێ، ھەموویان لە ڕووی دەربڕینەوە کۆکن لە ھەڵوێستیان دەربارەی ھەرێمی کوردستان، جا چ داوای جێبەجێ نەکردنیان کردووە یان دواخستنی. کاتێک تورکیا لەسەر ئاستی بەرز ھەنگاوەکەی ھەرێم بە ھەڵەیەکی مێژوویی دەبینن و لەگەڵ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدان، ئێران داوای پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات. عێراق دەڵێت ”ڕاپرسی پرۆسەیەکی نایاساییە" ئەی دەبێت چی چاوەڕوان بکرێت لە ھەڵوێستی ئەوانی دیکە!. ئەڵبەتە وڵاتانی زلھێز و ئەوروپاش بە شێوەیەک لە شێوەکان داوای دواخستنی دەکەن، بە بیانووی بوونی شەڕی داعش و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و خاکی عێراق. واتە تەنیا ئەوەی کە گرنگە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمە، زلھێزەکان و ئەوروپاش تا ئێستا بەدیلیان پێ نییە کە ئەگەر ڕاپرسی دوا بخرێت، بۆ ئایندەی کورد چییان پێیە، بۆیە زیاتر لێکدانەوەی دەوێ بە سەرکەوتنی پرۆسەکە.

 

(باس) بەم دواییانە چەندین بەرپرسی گەورەی وڵاتانی زلھێز سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد و تاوتوێی پرسی ڕیفراندۆمیان کرد، پێتان وانییە ئەوە ئەو واقیعە دەسەلمێنێت کە ھەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکدایە کە ھەموو وڵاتانی جیھان حسێبی بۆ دەکەن؟

 

نازم دەباغ: ڕاستە ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی ھەیە، خۆڕاگری و قارەمانیەتیی پێشمەرگەکانی ھەرێمی کوردستان لە شەڕی داعش زیاتر ئەم پێگە گرنگەیان دروست کردووە، کە کورد دەبێت بیـر لەدوای تەواوبوونی شەڕی داعش بکاتەوە، ئەوەی لێرە جێگای پرسیارە، ئەو ھەموو بەرپرسانەی باسیان لێوە دەکەیت کە دێنە ھەرێمی کوردستان، لە ھەموو ئاستەکانی تێدایە و لە لایەن سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکوومەتی ھەرێم پێشوازییان لێ دەکرێت، چییان پێیە بۆ کورد؟ جگە لە ھاوکاری لە شەڕی داعش و زیاتر ھاوکاریی سەربازی و کام پڕۆژەی سیاسییان پێیە بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد لە ناوچەکەدا؟ بۆیە پێویستە حکوومەتی ھەرێم حساب بۆ ھاتن و کۆمەک و ڕێزگرتن لە ھێزی پێشمەرگە بکات و ھەم بیریش لە داواکارییەکان بکات بۆ دواخستنی ڕاپرسی بۆ  ئایندە و ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی لەبەرچاو بگرن. پرسیار ئەوەیە ئەگەر کورد رەچاوی داواکارییەکانیان نەکات، لەدوایی چی ڕوو دەدات؟ کورد لە ڕابردوودا سەلماندویەتی کە بەشێکە لە چارەسەر و چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچەکە و ھێزی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیـرۆریستە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، لەداھاتووشدا وا دەبێت.

 

(باس) بە بۆچوونی تۆ کاتی ھەڵوەشاندنەوەی پەیمانی لۆزان و سایکس بیکۆ نەھاتووە؟

 

نازم دەباغ: بە بڕوای من کورد دەبێت بەدوای گەیشتن بە مافەکانیەوە بێت بە ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی لۆزان و سایکس پیکۆ بێ یان نا، بەڵام پرسیار ئەوەیە، لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیمانانە چ بە کورد دەبڕێت؟ ئایا ئەو وڵاتانە سوودمەند دەبن بەھۆی لۆزان و سایکس پیکۆ سەرزەمینەکەیان پارچە پارچە بووە و عێراقیان پێ دروست کرد، یان لە سایەی ھەڵوەشاندنەوەیدا کورد دەگەڕێننەوە سەر ئەو بەشەی کە لێی دابڕاوە؟ یا سەربەخۆ دەبین؟ بۆیە گرنگە بزانین بە ھەڵوەشاندنەوەی لەسەر بنەمای خاکی کوردستان دەبێت، یان گەڕانەوەی ویلایەتی نەینەوا (مووسڵ) و بەغدا دەبێت؟ کە پێم وایە ئەگەر وریا نەبین کێشەکانمان وەکوو خۆی دەمێنێتەوە و لە قازانجی تورکیا دەبێت. پێویستە کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکان لە سەربەخۆیی بێت، نەک تەنیا بیر لە ھەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەکان بکەین.

 

(باس) چی بکرێت بۆ ئەوەی کۆدەنگیی نیشتمانیی دروست بێت و حزبە سیاسییەکان پێکەوە بەشداری لە ریفراندۆمدا بکەن؟

 

نازم دەباغ: پێم وایە دەبێت ھەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بدەین، ئەویش بە دەستەبەرکردنی یەکڕیزیی گەلی کوردستان و یەکگوتاری لە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەو بنەمایانەی سەرەتای دروستبوونی بەرەی کوردستانی بە ئاشتبوونەوەی گشتی و لێبوردەیی و یەکڕیزی، کە توانیمان سەرکەوتن لە ڕاپەڕین بەدەست بھێنین، ئەمڕۆکە بێتە دی، کە ھەوڵی سەربەخۆیی دەدەین لەدوای فیدڕاڵیەتدا، واتە واز بھێنین لە بەرژەوەندیی تاک و حزبایەتیی تەسک و عینادی لە بڕیاری سیاسی. ھەموو ئەو ھۆکار و قەیرانانە چارەسەر بکرێن کە بوونەتە مایەی نیگەرانی و دروستبوونی کەمپینی (نەخێر). واتە ئەبێت سەرکردایەتیی کورد و حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ جەماوەرە ناڕازییەکەی ئاشت بێتەوە، بە چارەسەری کێشەکانی و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان، دڵنیایی بە وڵاتانی دراوسێ و دونیا بدەین کە مایەی سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەبین و ڕاگەیاندەکان ھەوڵ بدەن رۆڵیان ھەبێت لە گەیاندنی ئەم پەیامە، نەک ڕۆژانە باس لە چالاکی و جموجۆڵی ئۆپۆزسیۆنەکان بکات لە ھەرێمی کوردستان، یان بە ئاڵای ئیسرائیل بانگەشەی دەنگدان بکەن، کە ھەم وڵاتانی ئیسلامی دەوروژێنن و ھەم وڵاتانی عەرەبی، کە پێم وایە لەم قۆناغەدا بە زەرەرمانە.

 

(باس) پێشبینی دەکەی ئێران تەداخولی سەربازی بکات کاتێک کە ھەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات؟

 

نازم دەباغ: ئۆمێد دەکەم نەگاتە ئەوەی بژارەیەی بەکارھێنانی ھێز ھەڵبژێرێ. من دووری دەبینم و ئەوەش دەڵێم ھەڵوێستی ئێران بەستراوەتەوە بە ھەڵوێستی عێراق، تورکیا و ئێران. بەپێی زانیارییەکان، دوا وڵات دەبێت لە بەکارھێنانی بژارەی سەربازی، چونکە بۆ ئێران ھاوپەیمانیی کورد گرنگە لە عێراق.

 

(باس) دەگوترێت کە ئێران ناڕاستەخۆ عێراق بەڕێوە دەبات، ئەمە چەندە راستیی تێدایە؟

 

نازم دەباغ: دەگوترێت جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ھەیە، چونکە ئەم جۆرە بۆچوون و گوتارانە بەرەو ڕووی ھەموو لایەک دەبێتەوە، چ کورد، شیعە و سوننە لە عێراق. شێوەی خەباتی رابردوو و ھەموو جۆرە پەیوەندییەکان بە وڵاتانی دراوسێوە ھەبووە، لە ڕووی ھاوکاری و پەیوەندییەوە ئەمڕۆکە ھەموو ئەو لایەنانە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی عێراق و ناوچەکە، بۆیە تا ئەو کاتەی بە تەواوی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە دەچەسپێت، بەدڵنیایی ئەو پەیوەندییانە دەمێنێ و ناپچڕێت، وڵاتانی ناوچەکەش رۆڵ و نەخشیان دەبێت لە بەڕێوەبردنی عێراق و ناوچەکە، ئەوەی گرنگە ھەر ھەموومان بەرژەوەندییەکانی کورد لە سەرووی ھەموو بەرژەوەندییەکانەوە ببینین.

 

(باس) لەم ئانوساتەی کە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێدەپەڕێ، ئایا پێشبینی رێککەوتننامە و گەلەکۆمەکی لە دژی ھەرێم دەکەن؟

 

-نازم دەباغ: بەدڵنیاییەوە ئەوەی دژی ڕاپرسیی کورد بێت بیـر لە ھەموو بژارەیەک دەکاتەوە، لەوانە گەلەکۆمەکێ و ڕێککەوتن لە دژی ھەرێمی کوردستان، کە جۆرێ لە جموجۆڵ ھەستی پێ دەکرێت، لە کاتێکدا بەرپرسانی وڵاتە دراوسێکانی ھەرێمی کوردستان وەکوو ئێران، عێراق و تورکیا لە ئاستی باڵا کۆبوونەوەی جیاجیای دەزگاکانی سەربازی و ئەمنی بە نھێنی و بەئاشکرا کۆ دەبنەوە، دەبێت بە ھەندی وەربگرین چ لە بەغدا و چ لە تورکیادا.

 

(باس) چ پێشبینییەک بۆ ئایندەی ھەرێمی کوردستان دەکەی؟

 

نازم دەباغ:  کە دەستمان بە خەبات و تێکۆشان کرد بەو ئومێدەی کە رۆژێک دێت کورد بە ئامانجەکانی بگات و ھەر چەند ڕێگاکان دژوار و سەخت بن، بەردەوامبوونی خەبات و تێکۆشان لە سایەی ڕێبەرایەتیی سەرکردەی شیاو، ئازا و پاک بەو رۆژە دەگەین، کە سەربەخۆیی و ئازادی تێدا بێتە کایەوە. ئێستاکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە کە نوێنەرایەتیی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان دەکات، واتە ھەوڵ و کۆشش دەمانگەیەنێتە ئاواتەکانمان، سەرفەرازی و سەربەخۆیی لە خەباتی ھێزی پێشمەرگەی قارەمان و جەماوەرە نەبەزەکەی و خوێنی ھەزاران شەھید و کەمئەندامی گەلەکەماندایە، بە ھیوای سەربەخۆیی و دادپەروەری و ئازادی و دیموکراسی بۆ حکوومەتێکی کوردیی سەربەخۆ.

 

زریان حاجی

 

Read کد خبر: 1972

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی