کوردەکان پارێزەری ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەن

ھەر لە سەرەتای دروست بوونی عێراقی تازە دوابەدوای روخانی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانی یەکەم، واتە دوای پەیمانی لۆزان و سایکس پیکۆ، گەلی کورد بە زۆر لکێنرا بە عێراقی ئەمرۆوە، بۆیە ھەر لەسەرەتاوە نارەزاییەکان دەستی پێکرد و لە رێگای خۆپیشاندان و شۆرشەوە جوڵانەوەکانی تا وەکو ئەمڕۆ بەردەوام بووە و بۆ گەیشتن بە مافەکانیان خەباتیان کردووە. 

یەکەم شۆڕش، شۆڕشی شێخ محمودی حەفید لە ٢٢ی مایسی ١٩١٩ لە سلێمانی بوو. کە دەسەڵاتی کوردستانی تێدا راگەیاند و خۆیشی وەکو مەلیک مەحمود ناساند. لە چەند قۆناغێک بەردەوام بوو تا ساڵی ١٩٣٠ کە لە لایەن سوپای ئینگلیز کە ئەو کات لە عێراق دەسەڵاتداربوون، شکست بە شۆڕشەکە ھات و کۆتاییان پێ‌ھێنرا.

دوابەدوای ئەو جوڵانەوەی بارزان لە جەنگی جیھانی دووەم دەستی پێکرد تا ھەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلول بە ڕێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی کە ئەویش بە ئاواتەکانی نەگەیشت و بەھۆی ڕێککەوتنی ئەلجەزایر لە نێوان شای ئێران و سەدام حسین، شکستی پێ ھات ،دوای ساڵێک جارێکی¬تر شۆرشی کورد سەری ھەڵدایەوە تا لە شەڕەکانی کەنداو دەرفەتێکی بۆ رەخسا و لە ئابی ١٩٩٠ ڕاپەرین دروست بوو لە سایەی دیاری کردنی ناوچەی دژە فڕین ھەلێک رەخسا و جۆرێک لە بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆ دروست بوو. 

دوای جوڵانەوەکانی بارزانی و شۆرشی ئەیلول لەساڵی ١٩٦١و شۆرشی نوێ، چە لە سەردەمی سیستەمی پاشایەتی و چە دەسەڵاتی کۆماری لە عێراق ھیچ کاتێک نەیانتوانیوە مافەکانی کورد دەستەبەر بکەن و رەوایی پێ بدەن، بۆیە بە شێوازە جۆر بە جۆرەکانی خەبات و شۆرش، جوڵانەوەی کورد بەردەوام بووە. ئەم حکومرانیە تاکرەوانەی کەمینەی سووننە بە سەر عێراق درێژەی کێشا تاکو کاتی پەلاماردانی کوەیت لە لایەن عێراقەوە. وە بووە ھۆی ھەڵگیرسانی شەری کەنداوی دووەم وە ھاوپەیمانیەتێکی نێو دەوڵەتی بە سەرپەرشتی ئەمەریکا دروست بوو. ئە¬وە بوو بە ھۆکاری ھاتنی سوپای ئەمەریکا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەتایبەت کە تورکیا رێگای نەدا سوپای ئەمریکا و ھاوپەیمانان بنکەی سەربازی ئینجەرلیک و سنوورەکانی بەکار بھێنێت لە جەنگی کەنداوی دووەم. ئەمەش وای کرد کە ھەرێمی کوردستان سوود لەو بارودۆخە وەربگرێت و رێگا بدات بە ھاتنە ناوەوەی سوپای ھاوپەیمانان بە مەبەستی بەشداری کردن لە روخاندنی سەدام حسین.

ھەڵبەتە بە داخەوە راستیەک ھەبوو کە نە شۆرشی کوردی و نە ئۆپۆزسیۆنی عەرەبی عێراقی لە توانایاندا نەبوو رژێمەکەی سەدام بروخێنن، بۆیە ھاوپەیمانیەک لە نێوان عێراقیەکان و کورد دروست بوو لە لایەکەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لەلایەکی کەوە لەگەڵ ھاوپەیمانان و ئەمەریکا. کە ڕژێمی بەعسیان گۆڕ بە گۆڕ کرد.

دوای روخانی رژێمی سەدام و ھاتنی سوپای ئەمەریکا و ھاوپەیمانان، سوپای ئەمەریکا ھێزەکانی خۆی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بە شێوەی جۆرا و جۆر ھێشتەوە تا ھاتنی حکومەتی مالکی، وە دوای رێکەوتنێکی ئیستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا داوایان کرد کە سوپای ئەمەریکا بچێتە دەرەوە، بە بڕوای من ھەر زوو پێشبینی ئەوەم دەکرد کە ئەمریکاییەکان بە چوونە دەرەوەیان کارێک دەکەن کە ئەم جارەیان عیراق خۆی داوای گەرانەوەی سوپای ئەمەریکا بکات. ئەوە بوو جەنگی تیرۆریستان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان پەرەی سەند وە شار و شارۆچکەیەکی زۆر لە لایەن داعشەوە داگیر کرا، سوپای عێراق تێکشکانێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی و دواجار شاری موسڵ‌یان بەدەستەوا دا و داعش پەلاماری ھەرێمی کوردستانی دا.

ئەو ھۆکارانە بووە ھۆی ئەوەی زیاتر سوپای ئەمەریکا پێگەی جێگیر بکات لە ھەرێمی کوردستان و عێراق.

کورد لەو نێوەدا بە ھۆی جەنگی داعش و پەلامارەکانی بۆ سەر ھەرێمی کوردستان، ھێزی پێشمەرگە توانی رۆلێکی گرنگ ببینێت لە بەرگری کردن و ئازاد کردنی شوێنە داگیر کراوەکان وە ھێزی پێشمەرگە بوو بە سیمبوڵی بەرگری و شەرکردن لە دژی تیرۆریستان و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ئەمریکا گرنگیان بە پێشمەرگە و گەلی کورددا.  ئێستاکەش داعش رووبەرووی شکستێکی زۆر و روو لە ناوچوونە، ھەر چەندە داعش بە ئاسانی لە ناوناچێت بەڵکو لاواز دەبێت. بە درێژای ھەموو ئەو رووداوانەش کورد بیری لەرێگا چارەیەک کردۆتەوە بۆ دابینکردن و بەدەست ھێنانی مافەرەواکانی و کۆتایی بە ڕێگای جەنگ بێنێت و چەسپاندنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و سەلماندوشیەتی کە بەشێکە لە چارەسەر و ھۆکارێکیشە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش.

سەرکردایەتی کورد بۆ قۆناغی دوای داعش و داھاتووی عێراق باشترین رێگا کە ھەڵی بژاردوە بریاردانە لە چارەی خۆنووسین بە ئەنجامدانی راپرسی  بۆ سەربەخۆیی لە چوارچێوەی عێراقدا، ئەمەش لە رێگای راپرسی و گفتوگۆی جددیی دەبێت سەرەتا لەگەڵ عێراق وە دوایی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەرەوە.

لێرەدا ئەمەریکا و ھاوپەیمانان و ھێزە نێودەوڵەتییەکان زیاتر کەوتونەتە خۆ بۆ ئەوەی ئەو بەرنامەیەی کە لەناوچەکە ھەیانە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە ئیستراتیجیەکانیان ھەوڵبدەن و لەم بوارەشدا دەکرێت بوونی سەربازی خۆیان زیاد بکەن و بنکەکانیان بەھێزتر بکەن، دیارە بوونی بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا بە ھۆی راپرسی و سەربەخۆییەوە نەبوو، بەڵکو پێشتر بوو،بەڵام لەمەودوا دەکرێت زیاد بیر لەفراوان بوونی بنکە وزیاد کردنی بکاتەوە. جگە لەوەی بە پێ¬ی ڕێککەوتنێکی ئیستاتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا لە عێراقن.

بۆبەرەنگار بوونەوەی ئەم جۆر ھەنگاوانە بە بروای من دەبێت وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران زیاتر بیربکەنەوە، ھەروەکو لە درێژایی بزوتنەوەی رزگاری خوازانەی عێراق و ھەرێمی کوردستان پشتیوان بوون و ئێران لە شەڕی دژە تیرۆردا یارمەتییەکی باشی بە ھەرێمی کوردستان و عێراق گەیاند، ئێستاکەش بەھەمان شێوەی ڕابردوو کە ھاوکار و ھاوپەیمانی کورد و شیعە و تەنانەت سووننەکانی کە دژی سەدام بوون دەتوانێت لە رێگای گفتوگۆوە بۆ چەسپاندنی مافە ڕەواکانی کورد و لایەنەکانی دیکە کە لە ناو یاسای بنەرەتی عێراق ھەیە ھەموو لایەک بە مافەکانی بگات لە کاتێکدا دەستوری عێراق دانی بە مافی چارەی خۆنووسین داناوە. ڕێگاش لە بەھێزکردنی بنکە و پێگەکانی دەرەکی لە عێراق بگرێت چونکە کورد لە ڕابردوودا توانیویەتی بەشێک بێت لە چارەسەر و چەسپاندنی ئاسایش و بۆ ئایندەش بە دڵنیاییەوە وا دەبێت.

Read کد خبر: 1973

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی