هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستانی عێراق سه‌باره‌ت به گه‌مارۆکانی ئێران له وتووێژی نازم ده‌باغ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "شرق"

 هه‌رێم هاوکاری دوژمنه‌کانی ئێران ناکات

امیرمحمد حسینی: "سیاسه‌ته‌کانی هه‌رێمی کوردستان سه‌باره‌ت به گه‌مارۆکان، به پێی سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت"، ئه‌مه وته‌ی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له تارانه، له بارودۆخێکدا که که‌متر له ١٠ رۆژ له‌و واده ٤٥ رۆژیه‌ی ماوه که ئه‌مریکا تیایدا عێراقی له نه‌کڕینی گاز و نه‌وتی ئێران جیاکردبووه‌وه‌و ئه‌مریکاش گوشاره‌کانی خۆی دانه‌به‌زاندووه. ریک پێری، وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریکا هه‌فته‌ی رابردوو جگه‌ له ‌سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق، له‌گه‌ڵ مه‌سروور بارزانی راوێژکاری پاراستنی هه‌رێمی کوردستان، کۆبووه‌وه. ئه‌وه‌ی که هه‌رێمی کوردستان له بواری گه‌مارۆ یه‌کلایه‌نه‌کانی ئه‌مریکا دژ به ئێران چۆن مامه‌ڵه ده‌کات، پرسیارێکه که نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له تاران وه‌ڵامی ده‌داته‌وه. چونکه ئه‌مریکاییه‌کان ده‌ڵێن له دیداره‌کاندا ئه‌م بابه‌ته باسکراوه: سه‌ربه‌خۆکردنی عێراق له وزه‌ی ئێران. هه‌رچه‌ن هه‌واڵه‌کان باس له‌وه ده‌که‌ن که به‌رپرسانی عێراقی له هه‌وڵه‌کانی خۆیان بۆ جیابوونه‌وه له‌م پلان و برنامانه‌ی ئه‌مریکا به‌رده‌وامن و ده‌باغیش ئاماژه به‌مه ده‌کات. سه‌رۆکی بانکی ناوه‌ندی عێراق له‌م دواییانه‌دا وتوویه‌تی به‌م زووانه هه‌واڵی جیاکردنه‌وه‌ی عێراق له ئابڵۆقه‌کان بڵاوده‌بێته‌وه. پێشتریش چه‌ن به‌رپرسێکی عێراقی باسیان له هه‌وڵه‌کانی عادڵ عه‌بدولمه‌هدی بۆ کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا و قسه‌کردن له‌سه‌ر گه‌مارۆکان کردبوو. سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هه‌فته‌ی رابردوو له دیدارێکدا له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن دانایی‌فه‌ڕ، جێگری ئیسحاق جه‌هانگیری و ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له عێراق وتبووی عێراق نابێته به‌شێک له گه‌مارۆکان دژی ئێران. ئێستا نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له ئێران دووپاتی ده‌کاته‌وه که ده‌رچوونی هه‌ڵوێستی هه‌رێم له سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌سته‌مه.

·       باسه‌که‌مان له دیداری چه‌ن رۆژ پێش ئێستای نێوان وه‌زیری وزه‌ی ئه‌مریکا و مه‌سروور بارزانی به‌رپرسی پاراستنی هه‌رێمه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین، له‌م دیداره‌دا باس له چی کراوه؟

له‌م دیداره‌ی دوایی که مه‌سروور بارزانی وه‌کوو کاندیدی سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران و به‌رپرسی ده‌زگای پاراستنی هه‌رێم ئه‌نجامی داوه، به وردی ئاگادار نیم، به‌ڵام دیاره که ئه‌مریکا به‌دوای پێشوه‌خستنی ئامانجه‌کانی خۆی واتا توندکردنی ئابڵۆقه‌کانی دژ به ئێرانه‌وه‌یه.

·       ده‌وترێت که ئامانج له‌م دیداره به‌رزکردنه‌وه‌ی رۆڵی هه‌رێم له سه‌ربه‌خۆبوونی بواری وزه‌ی عێراق به ئێرانه، رۆڵێک که هه‌رێم ده‌توانێت بیگێڕێت، چییه؟

هه‌موو سه‌رکرده‌کانی کورد به‌تایبه‌ت دوای ئه‌م سه‌ردانه دواییه‌ی کاک مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدا، به‌دوای ئه‌وه‌وه‌ن که پشتیوانی له هه‌ڵوێسته‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی بکرێت. بۆیه پێم وانییه حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان سیاسه‌تێک له ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ندی په‌یڕه‌و بکات.

·       واتا سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم سه‌باره‌ت به گه‌مارۆکانی ئه‌مریکا هاوتای سیاسه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت؟

دیاره وابێت. منیش وه‌کوو نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له کۆماری ئیسلامی ئێران پێم وایه ئه‌م پشتیوانییانه‌ی له رابردوودا له هه‌رێم کراوه له سیاسه‌ت و هه‌ڵسوکه‌وتی داهاتووی هه‌رێم کاریگه‌ر بێت و بۆیه به‌م هۆکاره به دووری ده‌زانم هه‌رێم له‌گه‌ڵ دوژمنانی ئێران رێکه‌وێت.

·       واتا باس له‌وه ده‌که‌ن که به پێی ئه‌و مێژووه‌ی هه‌یه، هه‌رێم له‌وانه‌یه به‌لای ئێراندا بکه‌وێت؟

به گشتی جوگرافیایه‌کی تایبه‌ت بوونی هه‌یه. جوگرافیای سیاسی، ئه‌منی و ناوچه‌یی. به‌م پێیه ناکرێت به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی ناوچه‌که له‌به‌رچاو نه‌گیردرێت و کێشه‌ و گرفت بۆ یه‌کتر دروست بکرێت. بۆیه وتم هه‌رێمی کوردستان پابه‌ندی بڕیاره‌کانی حکومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت.

·       له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا سه‌رۆکی بانکی ناوه‌ندی عێراق وتوویه‌تی که له رۆژانی داهاتوودا هه‌واڵی تازه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بڵاوده‌بێته‌وه

ئه‌م هه‌وڵانه له ئارادایه. هه‌موو سه‌رکرده کورد و عه‌ره‌به‌کانی عێراق ئه‌م داواکارییه‌یان له ئه‌مریکا بووه. ده‌بێت چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئه‌مریکا بین.

·       له‌وانه‌یه له دیداری مه‌سروور بارزانیشدا باس له‌م جیاکردنه‌وه‌ی عێراق کرابێت؟

وابیرده‌که‌مه‌وه. هه‌موو سیاسییه‌کانی عێراق ئه‌م بابه‌ته‌یان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی عێراقییه‌کان باسکردووه‌و باسیشی ده‌که‌ن.

·       باسی نه‌وتی که‌رکووک بکه‌ین که مانگی رابردوو هه‌نارده‌کردنی ده‌ستی پێکرده‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکاش پێشوازی لێکرد و به درێژه‌پێده‌ری به سیفر گه‌یاندنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێرانی زانی.

رێکه‌وتن له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی که‌رکووک له سه‌رده‌می سه‌رۆک وه‌زیری پێشوو حه‌یده‌ر العه‌بادی کرا، به‌ڵام جێبه‌جێ نه‌کرابوو. به‌ڵام ئه‌مریکا به‌دوای ئه‌وه‌وه‌یه که کاریگه‌ری گه‌مارۆکان زیاتر بێت و عێراقیش له‌م پێناوه‌دا بجووڵێته‌وه.

·       هه‌رێم له‌سه‌ر نه‌وتی که‌رکووک چۆن له‌گه‌ڵ ناوه‌ند رێکه‌وتووه؟

له سه‌رده‌می العه‌بادی‌دا رێکه‌وتن کرا که رۆژانه له ٥٠ هه‌زار به‌رمیله‌وه ده‌ست پێبکرێت و له رێگای هێڵه‌ نه‌وتییه‌کانی هه‌رێمه‌وه ره‌وانه‌ی تورکیا بکرێت، ئه‌م رێکه‌وتنه له مانگی پێشووه‌وه جێبه‌جێ کراوه.

 

Read کد خبر: 2156

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی