سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی كوێت دەكات و لەگەڵ میری كوێت كۆبۆیەوە

 ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 11ـی 2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدوای كۆتایهاتنی سەردانە فەرمییەكەی بۆ دەوڵەتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی لەگەڵ شاندێكی یاوەری بە سەردانێكی فەرمی گەییشتە دەوڵەتی كوێت.

 دوای گەییشتنی سەرۆك بارزانی بۆ فڕۆكەخانەی كوێت لە لایەن بەرپرسانی ئەم وڵاتە پێشوازی كرا و پاشان سەردانی كۆشكی ئەمیری كرد و لە لایەن شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح میری كوێت پێشوازیی لێ كرا. لە دانیشتنەكەدا كە جێنشینی میری كوێت شێخ نواف ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح و سەرۆكوەزیرانی دەوڵەتی كوێت شێخ جابر ئەلموبارك ئەلحەمەد ئەلسەباح و جێگری سەرۆكوەزیران و وەزیری دەرەوەی كوێت شێخ سەباح خالد ئەلحەمەد ئەلسەباح ئامادە بوون، كۆمەڵێك تەوەری گرنگ خرانە بەرباس و گفتوگۆ لەوانە گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی هەر دوو وڵات و هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی كە لە ئاییندەیەكی نزیكدا كۆنسولگەریی گشتیی كوێت لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە. لە چوارچێوەی ئەم دانیشتنەدا ئاماژە بە پەیوەندیی ئابووری و دەرفەتی هاوكاریی لەبواری چالاكیی كەرتی تایبەتی كوێت لە هەرێمی كوردستان درا و بڕیاریش درا كە شاندێكی ژووری بازرگانی و كەرتی تایبەتی كوێت لە لایەن هەرێمی كوردستانەوە بانگهێشت بكرێت.

تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەی سەرۆك بارزانی و میری كوێت باسكردنی بارودۆخی سیاسی و ئاساییشی عێراق و هەروەها ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی گشتی لە عێراق بوو.

جێگەی ئاماژەپێدانە كە شاندی یاوەری سەرۆك بارزانی كە بەشداری دانیشتنەكە بوون لە بەڕێزان د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم پێكهاتبوو.

هەر هەمان ڕۆژیش سەرۆكوەزیرانی كوێت نیوەڕۆخوانێكی لەسەر شەڕەفی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری ڕێكخست و وەزیری بازرگانی كوێت و باڵیۆزی كوێت لە عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی كوێتی ئامادەی نیوەڕۆخوانەكە بوون. لەم نیوەڕۆخوانەدا جەنابی سەرۆك بارزانی پوختەیەكی دەربارەی سیاسەتی هەرێم و بەرنامەی وەبەرهێنانی چالاكیی بازرگانی خستەڕوو و لە قسەكانیدا جەختی لە بایەخدانی حكوومەتی هەرێم بە بوارەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و هەروەها سامانە سرووشتییەكان كردەوە. لە درێژەی قسەكانیدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی دراوسێی هەرێم بۆ ئامادەبووان باس كرد.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی 11ـی 2013 بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ هەر دوو وڵاتی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و دەوڵەتی كوێت هێناو و گەڕایەوە هەرێمی كوردستان.

 

Read کد خبر: 220

دوایین هەواڵەکان

بە دوا چوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کان

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی