نازم دەباغ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ڕاست و دروستی هەبووە

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ڕادیۆ "نەوا" گوتی: خۆشبەختانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم کاتە سیاسەتێکی ڕاست و دروستی هەبووە و خۆی بێلایەن گرتووە.

 

"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لە وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ ڕادیۆ "نەوا" سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان و نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لەو ڕۆڵەی ئێران لە عێراقدا ڕایگەیاند: من پێموایە ئەمەریکا بە دوای جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی خۆیەتی لە ناوچەکەدا و بەشێکیشی دژایەتی کردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانییە، ئەوەی کە گرینگە ئێمە دەبێت سرنج بدەینە جوگرافیای هەرێمی کوردستان، کە لەڕاستیدا دەتوانم بڵێیم جوگرافییەکی خراپی هەیە و لە ناوچەکەدا دەبێت زۆر وشیارانە هەڵسووکەوت لەگەڵ ڕووداوەکانی دراوسێکاندا بکات.

 

گوتیشی: ئەو جوگرافیایە ناتوانین بگۆڕین کە سنوورێکمان ئێرانە، سنوورێکمان عەڕەبە و سنوورێکیشمان تورکیایە. ئەمەریکا و کۆمەڵێک وڵاتانی دیکەش بەرژەوەندیی تایبەتیان هەیە لە پێناو بازاڕی خۆیان و دابینکردنی بازاڕی ئەوانی دیکە. بۆیە هەر یەکە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کار دەکات، دەستوور دەدات و ڕێنمایی بڵاودەکاتەوە. گرینگ ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا بە باشی هەنگاوی هەڵێناوە لە ڕۆی مافەوە و لە ڕووی دژایەتیی کردنەوە خۆی بێلایەن بگرێت و خۆشی ببەستێتەوە بەو سیاسەتەی کە لە بەغدا بڕیاریی لەسەر دەدرێت. بۆیە ئاسان نییە بکەوینە ئەو داوەی کە نە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و نە دژی ئەمەریکا و نە دژی وڵاتانی دیکەش بین. وەکوو ئەوەی کە دەڵێن لە باشترین حاڵەتدا و بەتایبەتیش بەرژەوەندیی خۆمان لەبەرچاوبگرین.

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕاشیگەیاند: بەڵام لە بیرمان نەچێت دوو ساڵ پێش ئێستا کورد، بیری لە ئەنجامدانی ڕاپرسی کردەوە بە مەبەستی ئەوەی کە ببێتە کیانێک بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ئاییندەدا، دیمان ئەو کەسانەی کە کەوتنە دژایەتی کردن و دیشمان ئەو کەسانەی کە کەوتنە پارێزگاریی کردن لەو ئەزموونەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە.

 

"نازم دەباغ" سەبارەت بە پەیامی "مایک پێنس" جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان گوتی: چاودێرانی سیاسی لە هەڵسەنگاندنی باروودۆخی سەردانەکەی جێگری سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق تووشی هەڵەیەک بوون و ئەویش بەرنامەیەکی تایبەت بووە بۆ سوپاسکردنی ئەم ڕۆژەدا لە سەربازەکانیان و لە ئەمەریکا بە ڕۆژی سوپاسگوزاری ناسراوە و هاتبوو بۆ هەولێر کە سوپاسی سەربازەکانی خۆیان بکات. بەڵام ئەمە لە گرینگی سەفەرەکەی "مایک پێنس" کەمناکاتەوە. لە کاتی هاتنیشیدا بۆ هەولێر، لە لایەن بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا و لە پەیامەکەیدا دیسانەوە ڕۆڵی کوردیی بەرزنرخاند لە شەڕیی داعشدا.

 

گوتیشی: "مایک پێنس" لە پەیامەکەیدا شتێکی دیکەشی گوت کە پێموایە بۆ ئێران و هەروەها بۆ عێراقیش دڵخۆشکەر بێت و گوتی ئێمە لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقین. و ئەوە لە قازانجی کوردیشدا بوو کە دەبێت بە وریاییەوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکات و ئەویش پێشتوانی لە شەڕیی کورد لەگەڵ داعش و تیرۆر کرد و هەروەها پشتوانی لە کێشەی کورد کرد لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.

 

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران سەبارەت بە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان گوتی: پێموایە کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە لە بەرژەوەندیدا بووە کە ئەمن و ئاسایشی عێراق پارێزراوبێت و لەگەڵ ئەوەدابووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەی کە بەغدا کاریی پێدەکات، ئەویش کاریی پێبکات و خۆشبەختانە حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئەم کاتە دەتوانم بڵێیم سیاسەتێکی ڕاست و دروستی هەبووە و خۆی بێلایەن گرتووە.

 

دەباغ سەبارەت بە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: تا ئێستاکە کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگیان هەبووە و ئومێد دەکەم ئەو سیاسەتە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دووربێت لەو کێشەو و گیر و گرفتانەی کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی نییە، چونکە نە توانای ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی ئەمەریکا بێتەوە و نە توانای ئەویشی هەیە کە ڕووبەڕووی ئێران بێتەوە. واتە بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خۆی ئەو سیاسەتەی ڕچاوگرتووە و تا ئێستاش نەمانبیستووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران گلەیی و گازندەی بووبێت بەرانبەر بە سیاسەتی ئیستراتیژی هەرێمی کوردستان.

 

"نازم عومەر دەباغ" سەبارەت بە نیگەرانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە گوتی: دیارە هەرێمی کوردستان نابێت لایەنگریی ئەو هیز و لایەنانە بێت کە دژایەتی ئێران دەکەن.

 

لینکی چاوپێکەوتن:

https://www.radionawa.com/Ku/show-detail.aspx?jimare=51&znjera=4809

 

 

Read کد خبر: 2272

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی