فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشینەى گەڕاندنەوەى هاوڵاتیانى هەرێم لە دەرەوە دەداتە ئەو کەسانەى بۆ چارەسەری نەخۆشى و خوێندن و گەشتیاری لە دەرەوەى وڵاتن و ڕەوشیان لە ڕووی یاساییەوە نالەبارە

لەم قۆناغە سەختەدا، کە تەواوى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دووچارى بووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریکردنی گەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی دەزانێت.

 

سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە چەندین بۆنەی جیا جیا لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکان جەختى لەسەر ئەم پرسە کردۆتەوە و بە هەماهەنگى کردن لەگەڵ وەزارەتى دەرەوە و نێردە دیپلۆماسیەکانى عیراق و نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە هەوڵى بەرچاو دراوە و ئاکامى باش بەدەست هێنراوە.

 

دواى وەستانى گەشتە ئاسمانیەکان زۆر لەو هاوڵاتیانەی بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزشکی یان بۆ خوێندن یان وەکو گەشتیار لەدەرەوەى وڵات بوون و بەهۆى نالەبارى ڕەوش ئێستا پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە بۆ هەرێمى کوردستان، حکومەتى هەرێم لەچوارچێوەى پلانێکى تۆکمە و بە هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ توانى ئاسانکاری پێشکەش بکات بۆ ژمارەیەکى بەرچاو لەو هاوڵاتیانەى کە لە دەرەوە بوون و پێویست بوو بگەڕێنەوە بۆ هەرێمى کوردستان. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامی خۆیەتی بۆ پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەی پێویستە بگەڕێنەوە.

 

تەشەنەکردنى ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامى هەیە. سەرجەم ئەوانەى لەدەرەوە دەگەڕێنەوە رێکارى پزیشکى پێویستیان بۆ دەگیرێتە بەر، ئەمەش فشارێکى زۆر لەسەر وەزارەتى تەندروستى و کارمەندانى دروست دەکات، کە توانای لەو ڕووەوە سنووردارە. بۆیە بە هاوڵاتیانی بەڕێز ڕادەگەیەنین، لە ئێستادا تەنها ئەو داواکاریانە ڕەچاو دەکرێن کە زۆر پێویستیان بە گەڕانەوە هەیە، بە تایبەت ئەوانەى بۆ چارەسەر و گەشتیاری و خوێندن لە دەرەوەن و مانەوەیان گرفتی یاساییان بۆ درووست دەکات.

 

ئەو هاوڵاتیانەی دانیشتووى هەر وڵاتێکن لە دەرەوە و کێشەى دارایى و شوێنى مانەوەو کات بەسەرچوونى ڤیزایان نیە، داوایان لێ دەکرێت پشوودرێژ بن و لە دەرەوە بمێننەوە و تەواوى رێنماییەکانى تەندروستى ئەو وڵاتانە جێبەجێ بکەن.

 

هیواى سەلامەتى بۆ هاوڵاتیانمان دەخوازین و دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە لە ئێستادا و بە ڕەچاوکردنی ئەم دۆخە نائاساییە ئەو کەسانەی کێشەی مانەوەیان نیە و مۆڵەتی نیشتەجێ بوونیان نیە یان ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتانەیان هەیە، گەڕانەویان دوابخەن بۆ کاتێکی گونجاوتر و بەو شێوە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم و کارمەندانی دەبن، تا بتوانن بە شێوەیەکی کاراتر فریای تووشبووان بکەون و چارەسەری گونجاویان پێشکەش بکەن.

 

http://dfr.gov.krd/a/d.aspx?l=13&a=50283

Read کد خبر: 2327

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی