سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ستایشى پشتگیریى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات

 سه‌رله‌به‌یانیى رۆژی هه‌ینى 17/7/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ژان ئیڤ لودریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك ئاماده‌ى بوون، ده‌ستبه‌كاربوونى حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و به‌رده‌وامیى گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق، تاوتوێ كران. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق، كلیلى سه‌قامگیریى سیاسیى عێراقه‌، به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نساش پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان دووپات كرده‌وه‌.

بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى به‌تایبه‌تى له‌ بوارى ئابووریدا، له‌گه‌ڵ هه‌نگاو و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوو، تیایدا تیشك خرایه‌ سه‌ر ژماره‌ى تووشبووان و چاره‌سه‌ركراوان و ئه‌وانه‌ى به‌هۆى په‌تاكه‌وه‌ گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز لودریان ئاماده‌ییى فه‌ره‌نساى بۆ هاوكاریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ په‌تاكه‌ نیشان دا.

له‌ كۆوبونه‌وه‌كه‌دا دوایین پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تیرۆر خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پێویستیى به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرده‌وه‌، به‌ڕێز لودریانیش به‌رده‌وامیى پشتگیریى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا، دووپات كرده‌وه‌.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ په‌یوه‌ندییه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا و قووڵكردنه‌وه‌ى هاوبه‌شیى نێوانیان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و پێكه‌وه‌ژیانى پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئایینییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون كه‌ به‌ڕێزان باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا و كونسولى گشتیى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌ لێدوانێكى هاوبه‌شى ڕۆژنامه‌وانیدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشوازى له‌ به‌ڕێز ژان لودریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا ده‌ربڕى و سه‌ردانه‌كه‌ى له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراقیش وه‌ك جیهان گیرۆده‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانین، به‌‌ گرنگ و نیشانه‌ى به‌رده‌وامیى پشتگیریى فه‌ره‌نسا‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزیان به‌ ناوى گه‌لى كوردستانه‌وه‌ دووباره‌ سوپاسى فه‌ره‌نساى كرد كه‌ هه‌میشه‌ له‌ ته‌نگانه‌دا پشتگیرى له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى كوردستان كردووه‌، ساڵى 2017ش ئابلۆقه‌ى له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان شكاند و هاوكار بوو له‌ ده‌سپێكردنه‌وه‌ى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌روه‌ها ڕۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆنى به‌ ڕۆڵێكى زۆر به‌رچاو ناوزه‌د كرد كه‌ هه‌رگیز له‌بیر ناكرێت و مایه‌ى ڕێز و پێزانینه‌.

هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕى داعشدا، فه‌ره‌نسا وه‌ك ئه‌ندامێكى گرنگى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى و هاوبه‌شێكى هه‌رێمى كوردستان و عێراق، پشتگیرى و ڕۆڵێكى به‌رچاوى هه‌بووه و هێشتاش عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستیان به‌ پشتگیریى فه‌ره‌نسا و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌، باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ فه‌ره‌نسا هاوكاریى مرۆیى پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كردووه‌، به‌تایبه‌تیش خوشك و برایانى ئێزدى و مه‌سـیحى، چ له‌ كه‌مپه‌كان، یان به‌ حه‌واندنه‌وه‌یان له‌ فه‌ره‌نسا، هه‌روه‌ها گوتى: گرنگییه‌كى زۆر به‌ سه‌قامگیریى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و عێراق ده‌دات.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى باسى له‌ به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌روه‌ى فه‌ره‌نساش كرد كه‌ وه‌ك دۆستێكى كوردستان ڕۆڵێكى به‌رچاوى له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسادا گێڕاوه‌، هه‌م كاتێك وه‌زیرى به‌رگرى بوو كه‌ سه‌ردانى كوردستان و به‌ره‌كانى شه‌ڕى دژى داعشى كرد، هه‌م چه‌ند جارێك پێشتر و ئێستاش كه‌ دووباره‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ش زۆر سوپاسى كرد، هه‌روه‌ها سوپاسى به‌ڕێزان باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ به‌غدا و كونسولى فه‌ره‌نساى له‌ هه‌ولێر كرد كه‌ به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان خوازیاره‌ ‌و ده‌رفه‌تیش له‌باره‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا له‌ بواره‌كانى سیاسى، ئابوورى، ئه‌منى، ئه‌كادیمى و كولتووریدا‌، به‌تایبه‌تیش كۆمپانیا فه‌ره‌نسییه‌كان ده‌توانن له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كار و وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

لاى خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز ژان ئیڤ لودریان وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا گوتى: خۆشحاڵم کە دووباره‌ لێرە له‌گه‌ڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانى له‌ هه‌ولێرم. ئەمە هەشتەمین سەردانمه‌ بۆ هەرێمی کوردستان، وەک جەنابتان ئاماژەتان پێکرد، چوار جار وەک وەزیری بەرگریی هاتووم لە کاتە هەرە سەختەکاندا، هەروەها ئەمە چوارەمین جاریشە وەک وەزیری دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەم.

لە دەستپێکی پەتای کۆرۆناوە، یەکەمین سەردانمە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە فەرەنسا بەردەوام ئاماده‌یى هەبووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لە ساتە هەرە سەختەکاندا کە ئێستا عێراق و هەرێمی کوردستان پێیاندا تێده‌پەڕێت پێمخۆش بوو ئەم سەردانە بکەم بۆ لای ئێوە کە هاوسۆزی و پشتیوانییە، هاوسۆزی بەرامبەر بە پەتای کۆرۆنا کە تووشی ئێوە بووە وەک چۆن تووشی ئێمەش بووەوە، هەر بۆیە لە ڕۆژانی داهاتوودا چەندین کەلوپەلی گرنگی پزیشکی وەک هاوکاریی دەبەخشین بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە یارمەتیی کارمەندانی تەندروستیی ئێوە دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

به‌ڕێزیان هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌م سه‌ردانه‌م پشتگیرییه‌ بۆ شه‌ڕتان دژى داعش کە ئێمە و کوردستانی تووشی پرسە و تازیە کرد. دەبێ هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ببینەوە، عێراقی و فەرەنسی و کوردستانی بە بێ ئەوەی ئاستی چاودێریی نزم بکەینەوە، هەروەها هاوسۆزییه‌ لە قەیران و گرژییە هەرێمییەکان کە عێراق و هەرێمی کوردستان له‌سه‌ر خاكى خۆیان بوونەتە قوربانى و له‌ ژیانى ڕۆژانه‌یاندا باجى ده‌ده‌ن، هه‌روه‌ها پشتگیرییه‌ له‌ بوراى مرۆییدا كه‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه‌ى نیشان دا به‌ پێشوازیكردنى په‌نابه‌رانى سووریا و ئاواره‌كانى عێراق، زۆر سوپاستان ده‌كه‌ین و هه‌میشه‌ش جه‌خت له‌و جوامێرییه‌ى ئێوه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌.

دوایین جار كه‌ ئۆكتۆبه‌رى ساڵى پار سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانم كرد، به‌ڵێنى ئه‌وه‌م دا كه‌ چه‌ندین ملیۆن یۆرۆ كۆبكه‌مه‌وه‌ بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، له‌ كه‌مپى به‌رده‌ڕه‌ش چه‌ندین پڕۆژه‌مان ئه‌نجام دا له‌ بوراه‌كانى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى و ئاو، هه‌روه‌ها ڕۆژانى داهاتووش فه‌ره‌نسا یارمه‌تى ده‌گه‌یه‌نێته‌ نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌، فه‌ڕه‌نسا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئێوه‌، له‌ داهاتوودا به‌ هاوكارى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا به‌ گوژمه‌ى پازده‌ ملیۆن یۆرۆ پڕۆژه‌یه‌كى گرنگى بوارى ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ پارێزگاى دهۆك ئه‌نجام ده‌دات.

هەروەها ئاژانسی پەرەپێدانی فەرەنسی لەگەڵ زانکۆی ئەمه‌ریکی لە سلێمانی لە نزیکەوە کار دەکات بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ گەنجانی کورد. خاڵێکی دیکە كە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم کۆمپانیاکانمانە کە بەردەوام دەبن. ئەمساڵ قوتابییەکی کورد کە باوکی له‌ شه‌ڕى داعشدا شه‌هید بووه‌‌، بەکالوریای فەرەنسی بەدەست هێناوە و بەردەوامی بە خوێندنی خۆی داوە لە سایەی بۆرسێکی خوێندنی حکوومەتی فەرەنسا. ڕاستە ئەمە یەکەم قوتابییە، به‌ڵام بە دڵنییاییەوە دوایین قوتابی نابێت و بەردەوام دەبێت. ڕۆڵەیەکی کوردە کە لە سایەی قوتابخانەی فەرەنسی لە سلێمانی و هەولێر خۆیان پێدەگەیەنن لەناو سیستمی فەرەنسیشدا لە سایەی هاوکارییەکی زانکۆکانی ئێمە لەگەڵ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی ئەو دۆستایەتییە.

 

https://dfr.gov.krd/a/d.aspx?l=13&a=50516

 

Read کد خبر: 2364

دوایین هەواڵەکان

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی