سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە گرووپی دۆستایەتیی فەڕەنسا و عێراق دەكات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 30ـی 11ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جان جاك بریدێ سەرۆكی گرووپی دۆستایەتیی فەڕەنسا و عێراق لە ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا جان جاك بریدێ سەرۆكی شاندی میوان زۆر سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بەبۆنەی ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هەروەها ڕێز و سڵاوی سەرۆكی پارلەمانی فەڕەنسایشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و وێڕای ئاماژەپێدان بە دۆستایەتیی دێرینی نێوان كورد و فەڕەنسا هیوای ئەوەی خواست كە بتوانرێ لە ساڵی ئاییندەدا گرووپی دۆستایەتیی فەڕەنسا و كوردستان لەناو پارلەمانی كوردستان دابمەزرێ بۆ ئەوەی ببێتە پردێكی دیكەی بەستنەوە و پەیوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا. سەرۆكی گرووپی دۆستایەتیی فەڕەنسا و عێراق لە پارلەمانی فەڕەنسا لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە سەقامگیری و تەناهی هەرێمی كوردستان دا بە جۆرێك كە ڕێگەی بۆ دەركەوتنی گەشەی خێرای كوردستان خۆش كردووە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاس و بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و باسی پەیوەندیی دێرینی كوردستان و فەڕەنسای كرد و سوپاس و پێزانینی خۆیشی بۆ ئەو ڕۆڵە كاریگەرە نیشاندا كە گەل و حكوومەتەكانی فەڕەنسا لە پشتیوانیكردنی دۆزی ڕەوای كورددا گێڕاویانە. هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەو ڕۆڵە كرد كە فەڕەنسا دەتوانێ لە ئێستا و ئاییندەدا لە ئاوەدانكردنەوە و یارمەتیدانی بووژانەوەی كوردستان ببینێت و بۆ ئەو مەبەستە هەرێمی كوردستان بە باوەشێكی كراوە پێشوازی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا دەكات.

سەبارەت بە بابەتی ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی گوتی: " هەر لەكۆنەوە كوردستان مەڵبەندی پێكەوەژیان و تەبایی نێوان گەلان بووە و فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی لەنێو گەلی كوردستان بەهێز و دێرینە. گەلی كورد هیچ كات دەستی بۆ تۆڵەكردنەوە نەبردووە بەڵكو دەستی برایەتی و دۆستایەتی بۆ نەیارەكانی درێژ كردووە. ئەو فەرهەنگە بووەتە هۆی ئەوەی بە پێچەوانەی شوێنەكانی دیكەی عێراق ئاساییش و سەقامگیری لە هەرێم پارێزراو بێت".

تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دواڕۆژی سووریا و پەیوەندیی نێوان هەرێم و دراوسێكانی تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.

 

Read کد خبر: 264

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی