سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كونسولى نوێى ئه‌مه‌ريكا ده‌كات ‏

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2022/8/24 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئيرڤن هيكس جوونيه‌ر كونسولى گشتيى نوێى ‏ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنان، پيرۆزبايى لێكرد بۆ ‏ده‌ستبه‌كاربوونى و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى ‏هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌ى نيشان دا.‏

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز كونسولى نوێى ئه‌مه‌ريكا خۆشحاڵيى خۆى به‌ ده‌ستبه‌كاربوونى ‏له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودانى ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.‏

هه‌ردوولا دوا پێشهاته‌كانى عێراق و كێشه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى سياسييان تاوتوێ ‏كرد و له‌مباره‌يه‌وه‌ ‌سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى دۆخى ‏عێراق ته‌نيا به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ‏باسى له‌ دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ ‏سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد.‏

ده‌رباره‌ى په‌يوەندييه‌كانيش، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌‌ كه‌ ده‌رفه‌تى ‏هاريكاريى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌ به‌تايبه‌تى له‌ بوارى ‏وه‌به‌رهێنان و كه‌رتى تايبه‌تدا. ‏

شه‌ڕى دژى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، گرنگيى بره‌ودان به‌ ديموكراسى و ‏پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ و ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين له‌ هه‌رێمى كوردستان، ‏دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ‏ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.‏

Read کد خبر: 2757

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی