سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بەشداریی ڕێوڕەسمی ساڵیادی كۆچی دواییی سەرۆك مام جەلال دەكات

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3/10/2022 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقی فیدرال، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدرال، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، خاتوو ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و عێراق، بەشداری لە ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو مام جەلال سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراقی فیدرالدا كرد.

لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرۆك نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

ئامادەبووانی بەڕێز

ڕۆژتان باش و هەموو لایەکتان بە خێر بێن..

ئه‌مڕۆ سێى ئۆكتۆبه‌ر له‌ ساڵڕۆژى كۆچى دواييى سەرۆک مام جەلالدا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ يادى ده‌كه‌ينه‌وه‌. ڕاسته‌ چەند ساڵێک بەسەر ماڵئاواییکردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام ئێمە بە درێژایيی ئەم چەند ساڵە و دوای نەخۆشکەوتنی و دوورکەوتنەوەی لە کاری سیاسی و دەوڵەتی، هەميشه‌ هەستمان بەو بۆشایيیە كردووە كە مام جەلال بەجێی هێشتووە.

لەم یادەدا سڵاو دەنێرم بۆ گیانی پاکی، هەروەها سڵاوم هەیە بۆ هێرۆخانی هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوژینی مام جەلال، هیوادارم تەندروستی باش و تەمەنی درێژ بێت.

ئامادەبووانی بەڕێز..

خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ (دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال) ڕادەگەیه‌نرێت. دەستخۆشی لە دەستەی دامەزرێنەری ئەم دامەزراوەیە دەکەم، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

مێژووی مام جەلال بەشێکی گرنگە لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان. هەبوونی دامەزراوەیەک بۆ نیشاندانی خەباتی ئه‌و، کارێکی گرنگە. هەبوونی دامەزراوەیەک بۆ ئاشناکردنی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو بە تێکۆشانی مام جەلال، پێویستە. هیوادارم کاری ئەم دامەزراوەیە بە باشی بەڕێوەبچێت. ئه‌و زۆری کرد بۆ ڕۆژنامەگەری و ڕۆشنبیری و چاپەمەنی کوردی، هیوادارم ئەم دامەزراوەیەش درێژپێدەری ئەو ئاراستەیەی سەرۆك مام جەلال بێت.

بەڕێزان..

من مام جەلالم لە ڕۆژی دروستکردنی ئاشتی و تەباییدا ناسیوە، لەبەرئەوە بۆ من زیاتر لە هەموو شتێک، سەرکردە و یادگارێکی گەورەی پاراستنی ئاشتی و پێکەوەکارکردنە. ڕۆژی ٨ی نۆڤه‌مبه‌رى ١٩٨٦ هەردوو ڕەوانشاد، مام جەلال و باوکم ڕێککەوتننامەی ئاشتيی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتيی نیشتمانيی کوردستانیان واژۆ کرد. من ئەو ڕۆژە لە خزمەت باوکم چووبووم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، ڕۆژێکی زۆر مێژوویی بوو بۆ گه‌لى کوردستان. ئەو ڕۆژە، بۆ یەکەم جار مام جەلالم بینی. تا ئەوکاتەی نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد، ڕێز و په‌يوه‌ندييه‌كى باش له‌نێوانماندا بەردەوام بوو. ڕۆحی ئەو گەورەیە بۆ لای خوای گەڕایەوە، بەڵام ڕێز و خۆشەویستيی مام جەلال لای ئێمە هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.

ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی ١٩٨٦ کرا، دواتر بە ئاشتبوونەوەی گشتی ناسرا، چونکە هەموو حیزبەکانی کوردستانی عێراق دوای ئەو ڕێککەوتنە ئاشت بوونەوە و شەڕی ناوخۆ کۆتایی هات و بەرەی کوردستانی دامەزرا. بە هۆی بەرەی کوردستانييه‌وه‌، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و گەلی کوردستان بەرگەی هەردوو تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی گرت. هەر بەهۆی بەرەی کوردستانیشەوە ڕاپەڕین سەرکەوت و بۆ یەکەم جار هەڵبژاردنێکی ئازاد لە کوردستان کرا و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزران.

دوای هه‌ڵگيرسانه‌وه‌ى‌ شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤، ویستی سەرۆک مام جەلال بۆ ئاشتی و باوەڕی جەنابی سەرۆک بارزانی بە ئاشتی، وایکرد ڕێککەوتنی ئاشتيی ساڵی ١٩٩٨ لە واشنتن واژۆ بکەن و قۆناغێکی نوێی ئاشتی و پڕ لە دەستکەوتی دەستووری و سیاسی بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکەن. زۆر دەستکەوت بۆ گەلی کوردستان بەدەست هاتن، هەموویان بەهۆی پێکەوەکارکردنی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی بوون. مام جەلال هەموو شتێکی دەکرد بۆ ئەوەی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی دڵخۆش بێت، کاک مەسعوودیش هیچ داوایەکی مام جەلالی ڕەت نەدەکردەوە. تەنانەت سەرۆک بارزانی لەپێناو مانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لەناو چوارچێوەی بڕیاری کوردستانى و لە دەستى مام جەلالدا، ملی نەدایە بەر گوشاری سەرۆکی ئەمه‌ریکا و گوشارە ناوچەییەکانیش لە ساڵی ٢٠١٠ و تاکو مام جەلال نەبووەوە به‌ سەرۆک کۆمار، کۆڵی نەدا.

ئەم تەباییە ساڵانێکی درێژ، پڕ لە سەقامگیری و سەرکەوتن بوون بۆ گەلی کوردستان، بۆیەش بە ڕاستی هەقە ئەم ساڵانە پێیانبگوترێت “ساڵە زێڕینەکان”. ئه‌و ساڵانه‌ و له‌ سايه‌ى ئه‌و ته‌بايى و يه‌كڕيزييه‌دا، كوردستان بووژانه‌وه‌يه‌كى هه‌مه‌لايه‌نه‌ و سه‌قامگيرى و به‌ره‌وپێشچوون و ئاوه‌دانى و خۆشگوزرانى به‌ خۆيه‌وه‌ بينى كه‌ مايه‌ى خۆشحاڵى و شانازيى هه‌موو كوردستانييان بوو.

مام جەلال زۆر پەرۆش بوو بۆ تەبایی، بەتایبەتی، تەبایيی نێوان پارتی و یەکێتی. چەند جارێك لەخۆی گوێم لێ بووە و گوتوویەتی: ئەگەر ڕۆژگار بگەڕابووایە دواوەوە، بە هیچ شێوەیەک نەمدەهێشت ناکۆکی بکەوێتە نێوان من و بارزانيی نەمر. دواتر ئەو هەستەی خۆی لە ڕاگەیاندنیشدا ده‌ربڕى. مام جەلال زۆر بە باوەڕەوە دەیگوت کە ئەو یەکلایەنە بڕیاری داوە نەبێتەوە بەشێک لە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی، ئینجا قوربانی و باجەکەی هەرچییەک بێت!

ئامادەبووانی به‌ڕێز..

تەبایيی پارتی و یەکێتی و مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ستراتیژيی نێوانيان لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک مەسعوود بارزانی، دەستکەوتی زۆری بۆ گەلی کوردستان بەدەست هێنان و دۆخێکی زۆر باشی گەشەکردنی ئاشتی و دیموکراسی لە کوردستان، دروست کرد. بەداخەوە هه‌ندێ کەس و لایەن لە کاتی هەبوونی ڕێککەوتنی ستراتیژیدا، دەیانگوت: ئەمە خنکاندنی دیموکراسییە. بەڵام ئەگەر دۆخی دوای ناکۆکيی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوکات بەراورد بکەن، دەزانن هەڵسەنگاندنەکەیان ڕاست نەبوو. دوای ڕێککەوتننامەی ستراتیژی، زۆرترین هەڵبژاردنی گشتی و هەڵبژاردنی ناوخۆیی کران. زۆرترین هەڵبژاردنی ڕێکخراوە پیشەیی و سەندیکاکان کران.

دوای ڕێککەوتنی ستراتیژيی پارتی و یەکێتی، زەمینەی جێگیربوون و گەشەکردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکوومییەکان و دادگاکان ڕەخسا. زەمینەی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان دروستبوو. ئازاديی ڕاگەیاندن زۆرتر بوو. سنوورەکانی دووئیدارەیی کەم بوونەوە. زەمینه‌ى یەکخستنی هێزە ناوخۆکان و دروستبوونی هاوئاهەنگی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکاندا، فراوانتر بوو. ئەمانە هەموویان بەرەی ناوخۆیان بەهێز دەکرد، هێزی کوردستانیان لە عێراق و ناوچەکەدا کاریگەرتر دەکرد. ڕێزگرتن و پشتیوانيی جیهان بۆ گەلی کوردستان و مافەکانی، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبوو. ئەوانەی ڕەخنەیان لە ڕێککەوتنی ستراتیژيی پارتی و یەکێتی دەگرت، نەیاندەزانی ئەو ڕێککەوتنە زۆر پێویستە بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان! نەیاندەزانی ئه‌گه‌ر ڕێککەوتنی ستراتیژی نه‌بێت، بارودۆخی کوردستان خراپ و هێزەکەی پەرت دەکات و کاریگەریشی کەمتر دەکاتەوە.

به‌ڵێ.. پارتی و یەکێتی وەک دوو هێزی سەرەکی لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستاش جارێکی دیکە پێویستییان بە ڕێککەوتنێکی تازەی هاوبەشە بە گوێرەی ئەم قۆناغە. بە هەموو شێوەیەک ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی و يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێوان هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌‌ كوردستانييه‌كاندا زۆر پێویستە بۆ ڕێگرتن لە لاوازبوونی زیاتری بڕیار و ئیرادەی سیاسيی گەلی کوردستان. نابێ تەماشای هیچ پێوەرێک بکەین جگە لە بەهێزکردنەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان، چونکە هێزی هەموومان بەندە بە هێز و پێگەی هەرێمی کوردستانەوە. به‌هێزيمان، يه‌كڕيزيمانه‌. ئەوانەی دەتوانن هەرێمی کوردستان بەهێز بکەنەوە، بەر لە هەمووان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و ته‌بايى و يه‌كڕيزيى هه‌موو لايه‌نه‌كانه‌.

بەڕێزان..

مام جەلال هێز و گه‌وره‌يى به‌ پۆستی سەرۆککۆماری دابوو. چونکە ببووە هۆکاری تەبایی بۆ هەموو هێزە عێراقییەکان، ببوو بە داكۆكیكارێكی زۆر باشی کورد، شیعە و سوننە و هەموو پێکهاتەکانی دیکە. بارەگای مام جەلال لە بەغدا ببووە شوێنی خاوکردنەوە و نە‌هێشتنی ناکۆکییەکان، بە نەمانی مام جەلال لە بەغدا، کۆڵەگەیەکی گەورەی تەوافوق لەدەست چوو، سەنتەرێکی سەرەکيی گفتوگۆی سیاسی نەما، بە ڕادەیەک ئێستاش خەڵک و ‌هێزە عێراقییەکان هەستی پێدەکەن.

ئێمە کە له‌م ياده‌دا کۆدەبینەوە و یەکتر دەبینین، گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن و گەڕان بە دوای ڕێککەوتنمان، بەبیر دێتەوە. دڵنیام ئەمڕۆ هەمووتان ئارەزووی گفتوگۆ و نەهێشتنی ناکۆکییەکانن، بۆیە داواتان لێدەکەم ئەم هەستەتان بکەنە دەستپێشخەری و کردار. هیچ دەستپێشخەرییەک بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن بە تەنازول و شکست دانەنێن، چونکە ئەوەی گفتوگۆ دەکات و ئەوەی ڕێکدەکەوێت، هەمیشە براوەیە.

هیوادارم یادی مام جەلال هاندەر بێت بۆ یەکگرتوویيی حیزبە کوردستانییەکان. هاندەر بێت بۆ پێکەوەدانیشتنی لایەنە عێراقییەکان. له‌م ياده‌دا داوا لە هەموو حیزبە کوردستانییەکان دەکەم ڕێکبکەون و پێکەوە کار بکەن. داوا لە هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکەین، لەم یادەدا داوایان لێ دەكەین بیر لەو ڕۆژانە بکەنەوە کە مام جەلال سەرۆک کۆمار بوو و بە دڵێکی پاکه‌وه‌ بۆ بەرژەوەنديی هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەمووانی پێکەوە کۆدەکردەوە. بە هەمان ئەو دڵگەرمی و ئه‌و ئامانجە، زۆر پێویستە ئەمڕۆ پێکەوە دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. بە ڕاستی خەڵکی عێراق زۆر بێزار بووە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵات، چونکە دەزانێت تاکو ناکۆکییەکان بەردەوام بن، خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبن و سه‌قامگيرى و سەروەريی وڵاتیش لاواز دەبێت.

بەڕێزان ..

ئێستا کە ئه‌م ياده‌ ده‌كه‌ينه‌وه‌، دەیان بیرەوەریم لەگەڵ مام جەلالدا بە بیر دێنەوە. زۆر جار کە ناکۆکییەک دەهاتە پێشەوە، بە زمانی شیرینی خۆی دەیگوت: وەرە با فسکەفسكێك بکەین! سوپاس بۆ خوا زۆر جار ئەو فسکەفسكانە یارمەتیدەر دەبوون بۆ كەمكردنەوەی كێشەكان و نەهێشتنی ناكۆكییەكان.

ئەمڕۆ با هەموومان ئاوا بكه‌ين و به‌ هه‌مان شێوه بڕیار بده‌ين کە ڕێکبکەوين. سازشکردن لەپێناو ڕێککەوتن و دڵخۆشکردنی گەلدا، سەرکەوتنە و بە هیچ شێوەیەک شکست نییە بۆ هیچ لایەك.

ڕۆحی مام جەلال شاد بێت و یادی هەمیشە بە خێر بێت و هەموو لایەكتان بەخێر بێن و زۆر سوپاس.

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-attends-the-death-anniversary-of-president-mam-jalal/

Read کد خبر: 2770

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی