بە بۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم کوردستانييان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەس و کار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم لە خۆشی و شادی و ئارامیدا، ڕۆژانی جەژن و پشوو بەسەرببەن. لە هەمانکاتدا، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاک و خاوێنی ژینگە و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزن. هەروەها پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.
جەژنی نەورۆز، هێمای یەکگرتن و یەکڕیزی و سەرکەوتن و ئازادی گەلی کوردستانە. لەم بۆنەیەدا، جەخت لە تەبایی و هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانمان . هەر بەم بۆنەیەوە، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییانی ئازیزمان و خوڵقاندنی کەشێکی ئەرێنی، داوا لە بەڕێزان جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکەمەوە، کە لە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز ، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گشت کێشەکان لە شوێن و پێگەی فەرمیی خۆی ، گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بەیەکەوە ، کاربکەین لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
جەژنی نەورۆز لە هەمووان پیرۆز بێت و کوردستان هەمیشە لە ئارامی و گەشانەوە و پێشکەوتندا بێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان