سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ردانێك به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ڕێكه‌وت

فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند كه‌ به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ریی شاندێك؛ ئێواره‌ی دوێنێ‌ چوارشه‌ممه‌ 15/1/2014 به‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی چه‌ندین وڵات، به‌ره‌و ئه‌وروپا به‌ڕێكه‌وت.

فوئاد حوسێن هه‌روه‌ها ئاشكرای كرد كه‌ سه‌رۆك بارزانی له‌م گه‌شته‌یدا سه‌ردانی چه‌ندین وڵات ده‌كات و وتووێژ له‌گه‌ڵ زۆر له‌ سه‌رۆك و به‌رپرسانی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كات وجه‌نابیان له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی داڤۆس به‌شداریی ده‌كات كه‌ له‌ رۆژانی 22- 25ی ئه‌م مانگه‌ له‌ سویسرا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ و له‌ په‌راوێزی كۆڕبه‌نده‌كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كۆمه‌ڵێ دیدار و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ به‌شداربووه‌كاندا ده‌بێت و له‌ چه‌ندین كۆڕێكدا ئاماده‌ ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئابووریی و سیاسی عێراق و كوردستان و ناوچه‌كه‌.

شایانی باسه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ سه‌رۆك بارزانی به‌شداریی له‌م كۆڕبه‌نده‌ جیهانییه‌دا ده‌كات و بانگهێشتكردنی به‌ڕێزیشیان بۆ ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ فراوانه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانی وڵاتانی جیهان تێیدا ئاماده‌ ده‌بن؛ پێگه‌ی په‌ره‌سه‌ندووی ئابووریی و سیاسی هه‌رێمی كوردستان به‌دیار ده‌خات كه‌ به‌ جۆرێك چۆته‌ پێشه‌وه‌ بۆته‌ جێبایه‌خی ناوه‌نده‌ گرنگه‌كانی جیهان له‌سه‌ر ئاستی جیاجیادا.

ئه‌و شانده‌ی یاوه‌ریی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن له‌م گه‌شته‌ ئه‌وروپییه‌دا پێكهاتووه‌ له‌ به‌ڕێزان فوئاد حوسێن سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكاران.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 315

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی