فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە بڕۆنۆ ساكۆمانی باڵیۆزی نا نیشتەجێی كەنەدا لە عیراق و شاندێكی یاوەری كرد و باسیان لە میكانیزمی بەرەوپێش بردنی پەیوەندییە دووقۆڵیەكان و رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكەو گوزەرانی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم كرا.
باڵیۆز ساكۆمانی خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم سەردانە دووپاتكردەوەو گووتی ئارەزوومانە ببینە هاوبەشێكی راستەقینە لە پرۆسەی بونیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری عیراق و هەرێمی كوردستان. هەروا لە نزیكەوە كاربكەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانمان لەڕووی سیاسی و ئابووری و كەلتووری. بڕوامان وایە لە هەرێمی كوردستان دەرفەتی كارو وەبەرهێنان هەیەو دەكرێ كەرتی تایبەت و كۆمپانیاكانی كەنەدا سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن.
باڵیۆزی كەنەدا ئاماژەی بە رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان كرد و جێگەی خۆشحاڵیە هەنگاوەكان بە خێرایی بەرەو پێش دەچن و لە هەر سەردانێكدا پێشكەوتنی زیاتر بەدی دەكەین .
فەلاح مستەفا دەستخۆشی لە هەوڵەكانی باڵیۆزی كەنەدا كرد بۆ زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و پێشوازی لە بڕیاری كردنەوەی نوێنەرایەتی كەنەدا كرد لە هەرێم.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت هیوای خواست ئاڵوگۆڕی سەردان و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەردەوام بێت و كەرتی تایبەتی كەنەدا رۆڵی خۆی لە گەشەپێدانی هەرێم ببینێت و پشتگیری فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی دووپاتكردەوە بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگیەك لە پێناو پێشخستنی پەیوەندیەكان و سەرخستنی بەرنامەكانیان لە هەرێم.
هەردوولا تاوتووی رەوشی هەنووكەیی عیراق و ناوچەكەو پرسی هەڵبژاردنەكانی عیراق و گوزەرانی ئاوارەكانی سوریایان كرد لە هەرێم. لەم رووەوە باڵیۆزی كەنەدا پابەند بوونی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە لەسەر بەردەوام بوون بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم.