ئەمڕۆ2014/2/10 فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم پێشوازی لە كارمێلۆ فیكارا بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر و شاندێكی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە كرد، كە لە بوارەكانی بیناكردن و رێگاوبان و هێڵەكانی گواستنەوە وەك شەمەندەفەر و پەرەپێدانی باخچەكان و بواری سەوزایی و رووناك كردنەوە و پیشەسازی كار دەكەن.
لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئامادەی بوو، كارمێلۆ فیكارا بەرپرسی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمە یەكەمین شاندی بەرفراوانی كۆمپانیاكانی ئیتاَلیایە كە سەردانی هەرێم دەكەن. دواتر ئاماژەیان بە سەردان و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێم كردو بە ئەرێنی و بەرهەمهێنیان ناوبرد. پاشان شاندی ناوبراو ئاماژەیان بەو بوارانە كرد كە هەریەك لە كۆمپانیاكان كاری تێدا دەكەن و شارەزاییان تێیدا هەیە. هاوكات بەشێكیشیان ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە بڕیاری كاركردن و خستنەگەڕی سەرمایەكانیان لە هەرێمی كوردستان داوە.
بەرپرسی پەیوەندیەكانی حكومەت وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ بڕیاری ئەو كۆمپانیانە بۆ كار كردن لە هەرێم، هاوكات ئەو سەردانە و بەردەوامبوونی سەردانی لەم شێوەیە لەلایەن كۆمپانیا بیانیەكانەوە بە گرینگ و پڕبایەخ وەسف كرد و گووتی كە ئەمە دەرفەتێكی باشە تاوەكو دۆخی ئارام و سەقامگیری ئاسایش و هەلی وەبەرهێنان لە كوردستان راستەوخۆ و لە نزیكەوە ببینن، هەروەها دەرفەتێكە بۆ بینینی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت و دواتر گواستنەوەی راستی هەلی كارو ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان كە لە هەرێم هەیە بۆ كۆمپانیاكانی دیكەش لە ئیتاڵیا تاوەكو سەرمایەكانیان لە هەرێم بخەنەگەڕ.
پاشان بەرپرسی پەیوەندیەكانی حكومەت تیشكی خستەسەر یاسای وەبەرهێنان و ئەو هەلەی كە بۆ كاركردنی وەبەرهێنەرانی بیانی هەیە لە هەرێم، هەروەها گوتی كە دەرفەتی باش هەیە بۆ كار كردن لە رووی پیشەسازی و بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێم، هاوكات بەپێویست و گرینگی زانی كە كۆمپانیا بیانیەكان كارو پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ كۆمپانیا ناوخۆییەكان لە هەرێم ئەنجام بدەن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی تەواوكردنی تواناو شارەزاییەكانی یەكتری بۆ ئەنجامدانی پرۆژەیەكی سەركەوتوو لە هەرێم.
هەروەها گووتی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هاوبەش لە وڵاتی ئیتاڵیا دەڕوانێت و خۆشحاڵە بە ئاستی پەیوەندیەكان لەگەڵ ئیتاڵیا كە لەبەروپێشچوونی بەردەوامدایە. هاوكات سوپاسی كارو هەوڵەكانی نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە هەرێم كرد بۆ پەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا. گووتیشی كە لە رێگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا و نووسینگەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێم دەتوانین كاری هاوبەش ئەنجام بدەین و برەو بە پەیوەندیەكانی نێوان بدەین.