سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی كەنەدا دەكات

  • پێنج شەممە, 13 شوبات 2014

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 2ـی 2014لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە خاتوو لین ییلچ وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی كەنەدا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی كەنەدا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و هیوایشی خواست كە دیدار و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ببێتە هۆی گەشەسەندنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا كە لە هەرێمی كوردستاندا دەرفەتی زۆر باش هەیە بۆ وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی كەنەدا لە بوارە جۆراوجۆرەكان و بە تایبەتی لەبواری كشتوكاڵدا. هەر لەم دیدارەدا وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی كەنەدا، سەرۆك بارزانی لە كردنەوەی نووسینگەی بازرگانیی كەنەدا لە هەرێمی كوردستان ئاگادار كردەوە و، ڕایشیگەیاند وڵاتەكەی بە حوكمی ئەزموونی جۆراوجۆری لەبواری پەروەردە و پیشەسازی و تەندروستی و هەروەها سیستەمی فیدڕاڵی، ئامادەیە یارمەتیی عێراق و هەرێمی كوردستان بدات.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان پێشوازی لە گەشەسەندنی پەیوەندییەكان و سوودوەرگرتنی هەرێمی كوردستان لە ئەزموونەكانی وڵاتی كەنەدا كرد و هێمای بەوەدا كە لەنێوان هەردوولادا دەرفەتی زۆر باش هەن كە بەیەكەوە كاری لەسەر بكەن و ببێتە هۆكارێك بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەت و گەلی كەنەدای كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانیان لە وڵاتەكەیاندا حەواندووەتەوە و بواری خوێندن و پێگەییشتنیان بۆ ڕەخساندووە.

لە تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارەدا بارودۆخی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوەی كەنەدا سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و نیشتەجێكردنیان لە هەرێمی كوردستاندا و ڕایگەیاند كە كارێكی گەورە لەوبارەیەوە لە هەرێمی كوردستان كراوە و، بەڵێنی ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی دا كە لە ڕێگەی خۆیانەوە هەوڵ بدەن كە ناوەندە دەولییەكان و وڵاتان یارمەتیی زیاتر پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكەن لە حەواندنەوە و نیشتەجێكردنی پەنابەرانی سووریا.

 

 پێنج شەممە, 13 شوبات 2014

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 364

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی