هەنگاریا جەخت لەسەر پەیوەندی هەمە لایەنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات

  • پێنج شەممە, 13 شوبات 2014

بە مەبەستی تیشك خستنەسەر پەپوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی كوردستان و باسكردنی ئەنجامی سەردانی شاندی وڵاتی ناوبراو بۆ هەرێم و دیدارەكانیان لەگەڵ بەرپرسان، ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە تیبۆر ساتماری باڵیۆزی هەنگاریا لە عیراق و شاندی یاوەری كرد .

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە و دیندار زێباری جێگری بەرپرسی فەرمانگە بۆ كاروباری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ئامادەی بوون، باڵیۆز ساتماری ئەنجامی دیدار و دانیشتنەكانی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەزیرانی سامانە سروشتیەكان و خوێندنی باڵا خستەڕوو و بە ئیجابی و بەرهەمداری لە قەڵەمدا ، بەتایبەتی دوای ئیمزاكردنی یاداشتێك لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی ناردنی قوتابیانی كورد بۆ خوێندن لە هەنگاریا كە بە پێی یاداشتنامەكە ساڵانە 30 قوتابی دەنێردرێن .

باڵیۆزی هەنگاریا دووپاتیكردەوە وڵاتەكەی هیواخوازە لە چەندین بواری دیكەی وەكو ئابووری و شوێنەوارناسی و گەشتیاری هاوكاری هەرێم بكات و پەیوەندیەكانی خۆی لەگەڵ هەرێم لەم بوارانەدا فراوانتر بكات .

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی دەستخۆشی لە باڵیۆزی هەنگاریا كرد و هیوای خواست وڵاتەكەی سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێم وەربگرێت بەتایبەتی لەو سێكتەرانەی كە هەرێم وەكو ئەولەویەت سەیریان دەكات و دووپاتیكردەوە حكومەت هەمیشە هاوكاریان دەبێت .

هەر لەم دیدارەدا تیشك خرایە سەر پرسی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و پێویستی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆیان هەروەها پرسی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت و هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراوی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێم كە لە نیسانی ئەمساڵدا بەڕێوە دەچێت باسیان لێوە كرا .

هاوكات تیشك خرایە سەر پرسی كردنەوەی نوێنەرایەتی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان كە ئێستا لە دوایین هەنگاویدایە .

 

پێنج شەممە, 13 شوبات 2014

 

 

Read کد خبر: 366

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی