ڕۆژی پێنجشەممە 13ـی 2ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە گەرمی پێشوازی لە بەڕێز نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندێكی یاوەری كرد و، لەگەڵیاندا كۆبوویەوە. شاندە یاوەرەكەی ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پێكهاتبوون لە عومەری سەید عەلی و مستەفا سەید قادر و جەلال جەوهەر و محەمەد حاجی و ئارام شێخ محەمەد و ئاكۆ حەمە كەریم.
لە دانیشتنێكی دۆستانە و ئیجابیدا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و شاندی میوان بەخێرهاتنەوەی سەرۆك بارزانیان كرد و سەرەتا باسی ئەو سەردان و چالاكییانە كرا كە بەڕێز سەرۆكی هەرێم لە سەردانەكەی بۆ وڵاتانی ئەوڕووپایی ئەنجامی دابوو.
بەشێكی گرنگی كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە قسەكردن لەسەر دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەو كۆسپ و تەگەرانەیش خرانە بەر باس كە كەوتوونەتە بەردەم پڕۆسەی دانوساندنی نێوان لایەنە سیاسییەكان و، هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو كۆسپێك لە پڕۆسەكەدا لابدرێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆسەی دانوساندنی نێوان لایەنەكان ئەنجامی لێ بكەوێتەوە. بەڕێز سەرۆكی هەرێم و ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە پێویستە پەیوەندی و دانوساندنی بەردەوام لەگەڵ هەموو لایەنەكاندا هەبێت.
لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕالیش تاوتوێ كران.
د. فواد حوسێن
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
13ـی 2ـی 2014