بە داوەتێكی فەرمی پەرلەمانی ئەورووپا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گەیشتە برۆكسل

  • چوار شەممە, 19 شوبات 2014

بە مەبەستی بەشداری كردن لە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆنفڕانسی تایبەت دەربارەی پرسی مافی مرۆڤ لە عێراق و بە داوەتێكی فەرمی پەرلەمانی ئەورووپا، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت گەیشتە برۆكسل.

لە یەكەمین رۆژی سەردانەكەدا و بە یاوەری دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەورووپا، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپای كردو لەگەڵ هانێز سڤۆبۆدا سەركردەی هاوپەیمانی پێشكەوتنخوازی سۆسیال دیموكراتەكان لە پەرلەمانی ئەوروپا كۆبووەوە .

لە دیدارەكەدا تیشك خرایە سەر ئەزموونی دیموكراتی هەرێمی كوردستان و پرسی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت و هەروەها هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە چاوەڕوان دەكرێت لە 2014/4/30 ئەنجامبدرێت. هەروەها باس لە پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی درواسێی كرا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گوتی كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە پاڵپشتی هاوكاری گرووپی پەرلەمانتارانی یەكێتی ئەوروپا هەیە كە هەموو لایەنە سیاسیەكانی لەخۆ بگرێت بۆ پەرەپێدانی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێم.

هاوكات جەختیان لەسەر هەبوونی كاری هاوبەش لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپا كردەوە بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی كە لە لایەن رژێمی پێشوی عێراق لە دژی كورد ئەنجامدراوە، هەروەها بۆ ناساندنیان وەك تاوانی كۆكوژی و جینۆساید، هەروەك لە لایەن پەرلەمانی چەند وڵاتێكی دیكە ئەم تاوانانە بە جینۆساید ناسێنراوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە قەیرانی مرۆیی سوریا و بارودۆخی ئاوارەكانی ئەم وڵاتە لە هەرێمی كوردستان كرا. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە تێڕاوانینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی بارودۆخی سوریا كرد و گوتی كە هەرێمی كوردستان  لەگەڵ چارەسەری سەربازی نیە. هاوكات داوای لە یەكێتی ئەوروپا كرد رۆڵی زیاتر ببینێت بۆ یارمەتیدانی راستەوخۆی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان.

لای خۆشیەوە هانز سۆبۆدا هیوای خواست كە لەماوەی چەند مانگی داهاتوو سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ بینینی بارودۆخەكە لە نزیكەوە و هەروەها بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەردوولا.

هەر لە برۆكسل فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سەردانی وەزارەتی دەرەوەی بەلجیكای كردو لەگەڵ لۆك ترویەنس بەرپرسی دۆسێی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەلجیكا كۆبووەوە .

لە دیدارەكەدا ترویەنس باسی گرنگی پەیوەندیە ئابووریەكانی نێوان هەرێم و وڵاتەكەی كرد. هەروەها گوتی بەو پێیەی كە وڵاتەكەی لە دە یەكەمەكانی هەناردەكارانی جیهانە، هەرێمی كوردستان ناوەندێكی بازرگانی سەرنجراكێشە بۆ بەلجیكاو بۆ ئەمەش هیوای دامەزراندنی پەیوەندی ئابووری لەگەڵ هەرێم دەخوازن .

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر پێشكەوتنەكانی هەرێم كە لە بوارە جیاجیاكاندا بەدەستی هێناون. هەروەها گوتی كە ئێمە كار بۆ ئەوە دەكەین كە نەوت تەنها سەرچاوەی داهات نەبێت، بەڵكو سوود لە سەرچاوە دەڵەمەندەكانی دیكەی كوردستان وەك كشتوكاڵ وەربگرین، هەر بەم روانگەیەشەوە كار بۆ پەرەپێدانی لایەنی ئابووری دەكەین.

هەر لەم دیدارەدا هەردوولا باسیان لە هاوشێوەیی بەلجیكا و عێراق لەڕووی سیستەمی فیدڕاڵیەوە كرد، كە دەسەڵاتەكان لە ناوەندەوە بەسەر پارێزگا و هەرێمەكاندا دابەش بكرێت. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گووتی ئێمە دەمانەوێت سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دیكە لەم بوارەدا وەربگرین بەتایبەتی وڵاتێكی وەك بەلجیكا، كە وڵاتێكە وەك عێراق چەندین رەگەزی جیاوازی تێدایە.

هەر لە میانەی ئەو گەشتەیدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە لە برۆكسل لەگەڵ محەمەد حومەیمدی باڵیۆزی عێراق لە بەلجیكا كۆبووەوە. لە دیدارەكەدا باس لە دوایین پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسیەكانی عێراق كرا بەتایبەتی لە بارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها باس لە دوایین گفتوگۆكانی نێوان هەولێر وبەغدا كرا .

 

 چوار شەممە, 19 شوبات 2014

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 378

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی