فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە یاوەری دابان شەدەلە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا، سەردانی باڵیۆزخانەی عیراقی لە ئیسپانیا كرد و لەلایەن باڵیۆز وەدیع ئال بەتی پێشوازیان لێكرا .
لە دیدارەكەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی باڵیۆز و باڵیۆزخانەی عیراقی لە ئیسپانیا كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگیەی پێشكەشی نوێنەرایەتی حكومەتیان كردوە لەم وڵاتەدا ، ولەم رووەوە هیوای خواست هەماهەنگی وكاركردنی هاوبەشی نێوانیان بەردەوام بێت كە سوودی بۆ هەردوولا دەبێت، وهاوكات بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوە دەخاتەڕوو هەرێمی كوردستان بە عیراقێكی فیدراڵ و دیموكرات و فرەلایەن پابەندە.
هەر لەم دیدارەدا هەردوولا پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تاوتوكرد وبەگرنگیان زانی ئەم هەڵبژاردنە لە كاتی بڕیار لێدراودا ئەنجامبدرێت .
هەروەها تیشكیش خرایە سەر بارودۆخی ئەمڕۆی عیراق و گرفتەكانی ئەم وڵاتە وباسی كێشەكانی ئەنبار و گرنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانیان لە عیراق كرا ، لەلایەكی دیكەشەوە جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوان عیراق و ئیسپانیا كردەوە .
سێ شەممە, 25 شوبات 2014