بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە سەردانی ئاژانسی ئیسپانیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی کرد

  • پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت بە یاوەری دابان شەدەڵە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا سەردانی ئاژانسی ئیسپانیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی کرد و لەلایەن هەریەک لە ئەلبێرتۆ گۆمێز بەڕێوەبەری هاوکاری لەگەڵ ئەفریقیا و ئاسیا و هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆنزالیس سەرۆکی بەشی هاوکاری لەگەڵ جیهانی عەرەبی و ئاسیا پێشوازیان لێکرا .

 

لە دیدارەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەى پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسپانیا کرد. لەم رووەشەوە سەبارەت بە پەرەپێدانى پەیوەندیەکانى نێوانیان هاوڕابوون.

 

لەبارەى پرۆسەى دیموکراسى لە ئیسپانیا گومێز گووتى پرۆسەى گواستنەوەی ئیسپانیا بۆ وڵاتێکى دیموکراسی کاتێکی زۆری ویستووە تا گەیشتووەتە ئەم قۆناغەى ئێستا. هاوکات لەبارەى کارەکانى دامەزراوەکەیانەوە گوتی: ئێمە ئەمرۆ لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوەی گشتی و رێکخراوی ناحکومی کاردەکەین و هاوکاری تەکنیکیان لە چەند بوارێکى جیاجیادا پێشکەش دەکەین.

 

لەم رووەشەوە بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوە گووتى هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاکسازی کارگێڕی هەیە و هەوڵ بۆ بەهێزکردنی تواناکانی کەرتی گشتی دەدەین. گووتیشى هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاژانسی ئیسپانیا بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی دەکات بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بە هەرێم لە بوارى جیاجیادا، لەنێویشیاندا ئەنجامدانی ۆرکشۆپ و خولی پێشکەوتوو بۆ کادیرە ناوەندیەکان لە وەزارەت و دامودەزگا جیاجیاکانی حکومەت .

 

لە بەشێکى دیکەى دیدارەدا هەردوولا باسیان لە کاریگەری قەیرانی سوریا لەسەر هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەتی هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئەم وڵاتە بۆ هەرێم کە لە زۆر رووەوە پێداویستیان هەیە. لەمبارەیەوە فەلاح مستەفا گووتی : هیوادارم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەست بە بوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات پێویستە ئەم رێژە زۆرەى ئاوارەکان لەکاتى پێشکەش کردنى هاوکاریەکان لەبەرچاو بگرێت، کە تاوەکو ئێستا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاوارەکانی سوریایان لەخۆوە گرتووە، هاوکاریەکی سنوورداریان لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە پێشکەش کراوە.

 

لە کۆتایی دیدارەکەشدا شاندی حکومەتی هەرێم هیوای خواست شاندێکی ئەم ئاژانسە لە ئایندەیەکی نزیک سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، تاوەکو لە نزیکەوە ئەو بوارانە ببینن کە دەتوانن کاری لەسەر بکەن و کە سوودو بەرژەوەندى خەڵکی کوردستان هەبێت.

 

جێگەى باسە ئەم ئاژانسە لە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی هاوکاری و کاروباری دەرەوەی ئیسپانیا دایە و چالاکیان لە 23 وڵات لە جیهاندا هەیە.

 

 پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

Read کد خبر: 402

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی