سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

  • پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ـی 2ـی 2014 لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كازوویا ناشیدا باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ سوپاسی ڕەخساندنی ئەم دیدارەی كرد و هاتنی بۆ كوردستان و دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانیی بە شەرەفێكی گەورە زانی و ئامادەیی وڵاتەكەیشی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری نیشان دا. هەر لەم دیدارەدا باڵیۆزی ژاپۆن گەشەسەندن و پێشكەوتن سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی بە بابەتێكی سەرسووڕهێنەر لە قەڵەم دا و ئەوەشی باس كرد كە ئەو تایبەتمەندییەی هەرێمی كوردستان هاندەرێكی باشە بۆ وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەكان كە ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی گەرمی شاندی میوان ڕایگەیاند كە خەڵكی كوردستان ڕێزێكی تایبەتیان بۆ گەلی ژاپۆن و مێژوو و كولتوورەكەی هەیە و هەروەها ژاپۆن لەڕێی تەكنەلۆژیا و پێشكەوتنەوە خزمەتێكی گەورەی مرۆڤایەتی كردووە و ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ژاپۆن نیشان دا.

لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق كە باڵیۆزی ژاپۆن وەك تەحەدییەكی مەزن بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق وەسفی كرد، سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە تیرۆر مەزنترین كێشە و تەحەدییە لەبەردەم پێشكەوتنی عێراق و وێڕای باسكردنی كێشە سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەدای خەراپی حوكمڕانیی لە عێراقدا جەختیشی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2003 هەوڵی داوە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات بەڵام ئەگەر لە بەغدا ئیرادەی چارەسەری كێشەكان نەبێ ئەوا یارمەتیدانی ئێمەش بێ سوودە. هەر پەیوەست بە كێشەكانی هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند بڕیاری بڕینی بودجە و مووچەی هەرێم نایاسایی و نادەستووری و نائەخلاقییە و گوشارێكی ناڕەوایە لەدژی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

بارودۆخ و گوزەرانی پەنابەرانی سووریا و هەروەها ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان و بارودۆخی سووریا و ناوچەكە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوون.

 

پێنج شەممە, 27 شوبات 2014

 

 

 

 

Read کد خبر: 404

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی