كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: پێویسته‌ رێگه‌چاره‌ی تازه‌ به‌ ئامانجی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند بدۆزرێته‌وه

  • سێ شەممە, 04 ئازار 2014

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ڕۆژی 4/3/2014 له‌ شاری سلێمانی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیكرد له‌ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا.

له‌ دیدارێكدا هه‌ردوولا باسیان له‌دوایین پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ كرد و هیوایان خواست هه‌موو لایه‌نه‌كان پابه‌ندی سه‌روه‌ری یاساو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقی فیدرال بن.. له‌باره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و قه‌یرانه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند لای خۆیه‌وه‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ ووتی: پێویسته‌ رێگه‌چاره‌ی تازه‌ به‌ ئامانجی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوولا بدۆزرێته‌وه‌و بگه‌نه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌و قه‌یرانه‌كان و هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌كرێته‌ قوربانی ململانێكان.

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكردن بوو له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: پێویسته‌ ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییانه‌ په‌ره‌یان پێ بدرێ و فراوان بكرێن، به‌و مه‌رجه‌ی سه‌روه‌ری گه‌لی كورد و گه‌لانی توركیا و رێزگرتن له‌ ئیراده‌و مافه‌كانی یه‌كتر بنه‌مای ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ بێت.

ئه‌حمه‌د داود ئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد داڕێژه‌رو بناغه‌دانه‌ری په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و جه‌نابی مام جه‌لال بووه‌.

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ باسكردنی په‌یوه‌ندی ئابووری نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوولا به‌ پێویستیانزانی كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری وبازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا په‌ره‌ی پێ بدرێت و بایه‌خی زیاتر به‌ بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت بدرێ.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند: ئه‌وان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانن و پێیان وایه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی گرنگی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌.

سێ شەممە, 04 ئازار 2014

 

 

 

Read کد خبر: 423

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی