ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێكی گروپی كاری باربوی دارایی بەریتانیا كرد بە سەرۆكایەتی ستیڤ دۆكسن سەرۆكی گروپ كە بەیاوەری هیو ئیڤانز كونسوڵی گشتی بەریتانیا سەردانی فەرمانگەیان كردبوو.
لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەی بوو ، سەرۆكی شاندەكە مەبەستی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان رونكردەوە و باسی لە كار و چالاكیەكانی فەرمانگەكەیانی كرد و گوتی : مەبەست لەو سەردانەمان ئاشنابوونە بە بارودۆخی كوردستان بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین پشتگیری پلان و بەرنامە و ستراتیژی حكومەت بكەین بۆ بونیادنانەوە و پێشڤەچوونی هەرێم لە هەموو بوارەكاندا و ببینە هاوبەشی حكومەتی هەرێم لە پرۆسەی بونیادنانەوەدا .
ئاماژەی بەوەشدا بینینی راستی بارودۆخ بە شێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری خۆی دەبێت و دووپاتیكردەوە ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا لە یەكەمین سەردانیاندا و لەو ماوە كورتەیاندا بینیان ، بونیادنانەوە لە هەموو كەرتەكان بەردەوامە و ئەوەش دەرفەتێكی زۆر بۆ كۆمپانیا بەریتانیەكان دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی لەو پرۆسەیە هاوكاری حكومەتی هەرێم بن .
هاوكات ئاماژەی بەوەشدا كە ئەوان مەبەستیانە گوێ لە بەرپرسانی حكومەت بگرن بۆ ئەوەی بیر و بۆچوونەكان بخەنە چوارچێوەیەكی هاوبەش و لە بەرژەوەندی هەردوولا جێبەجێبكرێت و پاڵپشتی مادی و مەعنەوی بۆ كۆمپانیا بەریتانیەكان نیشاندا بۆ ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا كار بكەن .
دواتر فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان دووپاتیكردەوە حكومەت پێشوازی لەو سەردانەیان دەكات و هاوڕایی خۆی لەگەڵ بۆچوونەكانیان نیشاندا بەوەی كە باشترە بارودۆخی هەرێم بە شێوەیەكی راستەوخۆ ببینن و دووپاتیكردەوە بەریتانیا هاوبەشێكی گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم بە بایەخەوە سەیری ئەم هاوبەشیە لەگەڵ حكومەتی بەریتانیا دەكات و نیشانیدا ئەو سەردانەیان بۆ هەرێم لە كاتێكی گونجاودایە .
هەروەها باسی ئەولەویاتی حكومەتی هەرێم كرد بۆ گرنگیپێدان لە بوارەكانی وەبەرهێنان كە جگە لە وزە و ژێرخان خۆیان لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریدا دەبینێتەوە .
پاشان بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە تیشكی خستە سەر رەوشی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم و نیشانیدا حكومەتی هەرێم دەخوازێ سیاسەتێكی سەربەخۆی ئابوری هەبێت و پشت بە خۆی ببەستێت لە رێگەی دابینكردنی سەرچاوەی هەمەجۆری ئابوریەوە .
لە بەرامبەردا سەرۆكی شاند گوتی : ئێمە دەمانەوێ هاوكارتان بین بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی پاڵپشتیكردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێم لەسەر پێی خۆتان بوەستن .
دواتر هەردوولا بیروڕایان لە بارەی داڕشتنی پرۆژەی هاوبەش ئاڵوگۆڕ كرد بۆ جێبەجێكردنیان لە هەرێم لە نزیكترین دەرفەتدا.
شیاوی باسە ئەم گروپە كە سەر بە حكومەتی بەریتانیایە لە چەندین وڵاتی جیهاندا پرۆژەی گەورە و گرنگ لە رێگەی پشتیوانیكردن لە چالاكی كۆمپانیا بەریتانیەكان جێبەجێ دەكەن .
دوو شەممە, 17 ئازار 2014