سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەكات

  • هەینی, 14 ئازار 2014

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 3ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە پیتەر ماورێر سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و شاندێکی یاوەری کرد.

لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدارە ڕاگەیاند و سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دەرفەتە. هەروەها سوپاس و پێزانینی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سووری بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند بۆ ئەو هاوکارییەی کە بۆ چالاکییەکانی کۆمیتەکەیان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕایگەیاند کە ئەوان وەک کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ئەو ئاسانکاری و هاوکارییەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانیان بە تایبەتی بەسەرکردنەوەی بەندیخانەکان پێشکەشیان دەکرێت بە نموونەیەکی نایاب دەزانن و بۆ ئەوەش دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. ڕاشیگەیاند کاتێک ئەوان ئەو پەرەسەندن و هاوکارییە لە هەرێمی کوردستان دەبینن هیوایان زیاتر دەبێت کە بتوانن ئەو پیشکەوتنە سەرانسەری عێراق بگرێتەوە.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور سەرسامیی خۆی بەوە دەربڕی کە هەرێمی کوردستان لەو ناوچە نائارام و پڕ کێشەیەدا توانیویەتی ئارام و سەقامگیر بێت و لە پێشکەوتن بەردەوام بێت.

هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ستایشی هەوڵەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە بەدەنگەوەهاتن و حەواندنەوەی پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی ناوخۆی عێراق و ئامادەیی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سووری خستەڕوو بۆ ئەوەی هەوڵی هەردوولا تەواوکەری یەکتری بن، بەتایبەتیش لە بواری یەکخستنەوەی ئەو خێزانە پەنابەرانەی بەهۆی شەڕەوە پەرتەوازە بوونە و لەیەکتری دابڕاون.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆکی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و شاندی یاوەری کرد و خۆشحاڵی خۆی لەوە دەربڕی کە کۆمیتەکەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ستایشی هاوکاریی دەزگەکانی حکوومەتی هەرێم دەکەن و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیی لە پێشنیار و ڕاسپارەکانی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور دەکات بۆئەوەی هەر کەمومورییەک هەبێت ڕاست بکرێتەوە. ڕاشیگەیاند کە گەلی کوردستان زۆریان ناخۆشی و نەهامەتی بینیوە بەڵام سەرباری ئەوەش لە لێبوردەییدا کەموێنەن.

سەبارەت بە ڕەوشی پەنابەر و ئاوارەکانیش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە ئێستا نزیکەی ٢٥٠ هەزار پەنابەر لە سووریاوە هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستان، هەروەها پێش ئەوانیش نزیکەی ٢٢٠ هەزار ئاوارە لە شارەکانی عێراقەوە ڕوویان لە هەرێم کردووە، ئەوە جگە لە زیاتر لە ٢٦ هەزار خانەوادەی مەسیحی کە بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەکانی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئەو ژمارە زۆرەیش قورساییەکی زۆری خستۆتە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام هاوکاریی کردنی ئەوانمان بە ئەرکی مرۆیی و نیشتیمانی زانیوە.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکدا پێشهاتەکانی عێراق و سووریا و ناوچەکە خرانە بەرباس و گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

هەینی, 14 ئازار 2014

 

 

 

 

Read کد خبر: 449

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی