لە یەكەم سەردانیدا بۆ هەرێمی كوردستان خاتوو سێسل برایە باڵیۆزی نوێی نەرویج لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گووتی: زۆر سەرسامم بەو پەرەسەندنانەی كەوا تائێستا بینیومە كە زۆر دڵخۆشكەرەو ئەو هەموو ووزەو بەرفراوانی چالاكی ئابووری لە سەرانسەری هەرێم دەبینم و ئومێدی بەرەپێشچوون و سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی كرد لە خاتوو سێسل برایە باڵیۆزی نوێی نەرویج لە عێراق و بەڕێز ئیگڵ تۆرساس جێگری باڵیۆزو راوێژكاری باڵیۆزخانە بۆ كاروباری عێراق.
لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا پیرۆزبایی لە خاتوو سێسل كرد بە بۆنەی دەست بەكاربوونیان وەك باڵیۆزی وڵاتەكی بۆ عێراق، هاوكات وێڕای ئومێدی سەركەوتن لە كارەكانیاندا، ئامادەیی پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵیاندا دەربڕی بۆ مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەرویج.
لای خۆیەوە باڵیۆز وێڕای سوپاس گوزاری بۆ پێشوازی كردنیان، خۆشحاڵی خۆی بۆ یەكەم سەردانی بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی. هاوكات خۆشحاڵبوو بە ئاستی پەیوەندی و كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لە دیدارەكەدا باس لە پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەرویج كرا. لەم رووەشەوە باس لە ژینگەی سەقامگیری هەرێم لەڕووی ئاسایش و وەبەرهێنانەوە كرا كە دەرفەتێكە بۆ كۆمپانیاكانی نەرویج بۆ كاركردن لە هەرێم و سوود وەرگرتن لە دەرفەتەكانی وەبەرهێنان و بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمدا. بۆ ئەم مەبەستەش باس لە كردنەوەی نوێنەرایەتی وڵاتی نەرویج لە هەرێم كرا كە كاریگەری دەبێت لەسەر ئاسۆی بەرەوپێشچوونی ئەم پەیوەندیانە.
هەرلە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان كراو تیشك خرایەسەر پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. هاوكات باس لە سروشتی پەیوەندیەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق كراو لەم بارەیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە روونی كردەوە حكومەتی هەرێم بەپێی دەستور كاروبارەكانی خۆی و پەیوەندیەكانی بەڕێوەدەبات، بۆیە لە پێشكەوتنەكانی بەردەوام دەبێت.
پاشان بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە باسی لە بارودۆخی ئاسایش لە بەشەكانی دیكەی عێراق كردو هەروەها باسی لە كاریگەریەكانی توندوتیژیەكان ئەو ناوچانە لەسەر هەرێم و ئاوارەبوونی خەڵكی ئەو ناوچانە كرد كە بەو هۆیەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. هاوكات باسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەرێم و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كرا كە بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە قەیرانی سوریا و بەردەوامی شەپۆلی هاتنی ئەو ئاوارانە بۆ هەرێمی كوردستان و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێم لەڕووی مرۆیی و ئابووریەوە كرا. هەربۆیە جەخت كرایەوە لەسەر زیادكردنی هاوكاریە نێودەوڵەتیەكان بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكانی ئەم ئاوارانە.