كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان

  • پێنج شەممە, 12 حوزەیران 2014

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12/6/2014 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كردو له‌گه‌ڵ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك كۆبۆوه‌.

له‌ دیدارێكدا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ "به‌كر مسته‌فا- راوێژكاری سه‌ربازی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی كاندیدی راسپێردراو بۆ جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سول ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئاماده‌ی بوون، باس له‌ بارودۆخی شاری كه‌ركووك و ئه‌و رووداوانه‌ی ئێستا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ كراوه‌.

له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی كوردستان ته‌واوی پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ كه‌ركووك و ته‌واوی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند كه‌ركووك و سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕاوه‌كان به‌لای ئێمه‌ جێگای بایه‌خن و هه‌ر هێرش و مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌ به‌ هێڵی سوور ده‌زانین.

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانیدا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"ئه‌گه‌رچی ئێستا عێراق به‌گشتی به‌ بارودۆخێكی ته‌مومژاویدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، به‌ڵام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدان ".

لای خۆیه‌وه‌ د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركووك سوپاسی ئه‌م سه‌ردانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و رایگه‌یاند"سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌و هێز و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارو پاڵپشتی ئیداره‌ی كه‌ركووكن، به‌ تایبه‌تی له‌م رووداوانه‌ی ئێستا هاتوونه‌ته‌ پێش و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ وره‌یه‌كی به‌رز و پۆڵاینه‌وه‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری كردنن له‌ خاكی كوردستان".

ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاینده‌ی كه‌ركووك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ جێگری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان گوتی"ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ بزانن كه‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان كوردستانین و باشترین رێگا چاره‌ بۆ ئارامی و سه‌قامگیری له‌و ناوچانه‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقه‌".

له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"له‌ رێگای پارێزگاری كه‌ركووكه‌وه‌ دانیشتوانی كه‌ركووك و سه‌رجه‌م ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌وپه‌ڕی له‌خۆبووردییه‌وه‌و به‌ وره‌یه‌كی پۆڵاینه‌وه‌ به‌رگری له‌ دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ن و به‌زاندنی سنووره‌كان هێڵی سووره‌".

 

 پێنج شەممە, 12 حوزەیران 2014

 

 

Read کد خبر: 561

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی