ڕاگەیه‌ندراوی كۆبوونەوەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگە و سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

  • شەممە, 14 حوزەیران 2014

بەپێی ڕێنماییەكانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ 14ى حوزه‌یرانى 2014 كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەربازیی و حكوومی به‌ سەرپەرشتیی به‌ڕێز كۆسرەت ڕەسوول، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەك فەرماندە و بەرپرسی باڵا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

 
لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی پاشەكشەی سوپای عێراق لە چەند پارێزگایەكی عێراق كرا، هەروەها باسی پڕكردنەوەی بەشێك لەو بۆشاییە كرا لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كە لە ئەنجامی ئەو پاشەكشەیە لەو ناوچانەدا هاتە كایەوە، ئەوەش وەك هەستكردن بە بەرپرسیاریه‌تیى نیشتمانی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پاراستنی گیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە كورد، عەرەب، توركمان و مەسیحییەكانەوە، هەروەها بە سوننە و شیعەوە، ئەوەش ئەوپەڕی دڵسۆزیی هێزی پێشمەرگەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پێشمەرگە هەمیشە هەست بە تەواوی بەرپرسیاریه‌تییە نیشتمانییەكانی دەكات و هەر بەو شێوەیەش دەجوولێتەوە.
 
كۆبوونەوەكە دڵنیایی تەواو دەداتە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، كە بە هەموو شێوەیەك سەقامگیریی ناوچەكانیان و ژیان و گوزەرانیان پارێزراوە و هیچ مەترسییەكیان لەسەر نییە و پێشمەرگە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە دەیانپارێزێت.
 
بەشدارانی كۆبوونەوەكە دڵتەنگییان نیشان دا بەرامبەر ئەو دۆخەی بەسەر عێراقدا هاتووە. لەهەمان كاتدا ئەو بارودۆخە نەخوازراوە، ڕاستیی ئەو بۆچوونەی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی بە كردەوە بۆ هەموو بەرپرسان و خەڵكی عێراق چەسپاند كە عێراق تەنیا بەجێبەجێكردنی دەستوور و بنەمای تەوافوق دەتوانێ بەڕێوە ببرێت كە تێیدا هەموو پێكهاتەكانی عێراق هەست بەوە بكەن كە هەموویان بەشدارن لە بەڕێوەبردن و بڕیاری عێراقیدا. سەركردایەتیی كورد، زۆر جار هوشداری دا لە دروستبوونی دۆخێكی لەو شێوەیەی ئێستا، بەڵام بەداخەوە هەست بەو مەترسییە نەدەكرا لە لایەن هەندێ لایەنەوە.
 
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پێداگیری لەسەر ئەوە كرا، كە هێزی پێشمەرگە لە هەڵوێستی بەرگریدایە و بە هیچ شێوەیەك نەكەوتووەتە هەڵوێستێكی هێرشبەرانەوە و نایەوێت هیچ ئاڵۆزییەك لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەدا دروست ببێت. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرا كە چارەسەری ئەو بارودۆخە تەنیا بە چارەسەرێكی سیاسیی ڕاستەقینە دێتە كایەوە، نەك بە چارەسەری سەربازییانە و دوور لە تەوافوق، بۆیەش دووپاتی دەكەینەوە كە بە دروستبوونی تەوافوق لە نێوان شیعە و سوننە و كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقدا، سەقامگیری و پێشكەوتن دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.
 
هەروەها لەو كۆبوونەوەیەدا باسی ئەوە كرا كە كورد خۆی قوربانی دەستی تیرۆر و ڕەشەكوژی بووە، لەبەر ئەوە هەست بە تەواوی بەرپرسیاریه‌تییە نێودەوڵەتییەكانی دەكات بۆ دروستكردنی سەقامگیری و بەشداریكردنێكی چالاك لە چەسپاندنی ئاسایشی جیهانیدا.
 
لەپێناو چاودێری و كاركردنی جددی و هاوبەش لەو بارودۆخەدا، كۆبوونەوەكە بڕیاری دا بە:
 
یەكەم: دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتیی گشت چالاكییە سەربازی و ئەمنییەكانی بكات، بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان و بە هاوبەشیی دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها چەند ژوورێك بە شێوەیەكی كاتی لە ناوچە جیاجیاكاندا دروست بكرێن كە هەموویان لەسەر بنەمای هاودەنگی و هاوئاهەنگیی گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن.
 
دووەم: كۆبوونەوە بڕیاری دا كە تەنیا فەریق جەبار یاوەر وتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان، دەتوانێ لێدوانی فەرمی بدات لەسەر ڕووداوە سەربازییەكان و جموجۆلە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
 
هەروەها كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر ئەم دوو داوایەش كرد:
 
یه‌كه‌م: ئەو خێزانانەی لە مووسڵ و شارەكانی دیكەوە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان، خوشك و برای ئێمەن. هەر چییەكی پێمان كراوە كردوومانە بۆیان و بەردەوامیش دەبین لە هاوكاریكردنیان. هەروەها داوا لە خەڵكی مرۆڤدۆستی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بە هەموو شێوەیەك لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە ئەمنی و ئیدارییەكاندا، هاوكاریی ئەو خێزانانە بكەن.
 
دووه‌م: داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەموو ڕێگەكان بگرنە بەر بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بەو خەڵكەی لە ماڵ و شارەكانیان دەرچوونە و ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان و ببنە هاوبەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی ئەو خێزانە لێقەوماوانە.
 
هەولێر
14ى حوزیرانى 2014
 

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 564

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی