ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی حوزەیرانى 2014 لە هەولێری پایتەخت بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و چەند بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پێكهاتبوون.
لە دیدارێكدا كە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەرهەم ساڵح ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون سەرەتا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە هاتنی بۆ كوردستان نیشاندا و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كار و بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستان كراوە و هەروەها سیاسەت و ئیدارەدانی كاروبارەكان لە كوردستان زۆر باش بووە و ئەوەیشی باس كرد كە ئیدارەی سەرۆك ئۆباما دیتێكی ئیجابیی هەیە بەرانبەر ئەو بنیاتنانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و هەروەها بەبۆنەی پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكوومەت پیرۆزبایی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئەوەی خستەڕوو كە وڵاتەكەی بە وردی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی عێراق دەكات و نیگەرانییەكی زۆری بەرانبەر بارودۆخەكە و بەهێزبوونی تیرۆریستان هەیە و بە پێویستیشی زانی كە عێراق بە زووترین كات لەم قەیرانە دەرچێت. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەیی وڵاتەكەیشی نیشاندا كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوان و گشتگیر بدات كە هەموو پێكهاتەكانی عێراق تێیدا بەشدار بن.
لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی بەناوی خۆی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی و گەلی كوردستانیشی بۆ حكوومەت و گەلی ئەمەریكا ڕاگەیاند بۆ ئەو قوربانی و یارمەتی و پشتگیرییەی هەر لە ڕاپەڕینەوە هەتا ڕووخانی ڕژێم و دواتر پێشكەشی كوردستانیان كردووە و ئەوەیشی خستەڕوو كە جێگەی شانازییە ئێمە توانیومانە ئەزموونێكی سەركەوتوو پێشانی جیهان و ئەمەریكا بدەین.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا بەوردی باسی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دە ساڵی ڕابردوو و ئاستەنگ و قەیرانەكانی كرد و هێمای بەوەدا كە هاوپەیمانەكانمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكان بەرەو پاشەوە دەچوون لەگەڵئەوەیشدا نەرمییەكی زۆرمان نواند و هەردەم ئامادە بووین بۆ چارەسەری كێشەكان بەڵام بەداخەوە كێشەكان قووڵتر بوون و نەمانتوانی سەربكەوین.
سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بەڕوونی باس كرد كە ئێستا قەناعەتێكمان لا دروست بووە كە بەغدا نیازی وایە وەك سەردەمانی پێشوو كوردستان بە ژێردەستەیی و پاشكۆیی ببینێت، گەلی كوردستانیش كە قوربانییەكی گەورەی بۆ ئازادی داوە ئەمە قبووڵ ناكات.
گەلی كوردستان دژی تیرۆرە بەهەموو شێوەكانی و قوربانیشی لە ئەو دژایەتیكردنە داوە بەڵام ئێستاكە شەڕی تیرۆر بووەتە پەردەیەك بۆ ئەوەی تەسفیە و ململانێی تاییفی پەرە بستێنێت و ئێمەش نابینە بەشێك لە ململانێی تاییفی. سەبارەت بە مافی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ عێراقدا لەسەر دەستوور ڕێككەوتین ئەو دەستوورەی عێراق به دوو نەتەوەی سەرەكی كورد و عەرەب پێناسە دەكات و زۆر بە ڕوونی لە دیباچەی دەستووردا هاتووە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی.
لەبارەی چارەسەری گرفت و قەیرانە تازەكانیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەر چارەسەرێك بهێتە ئارا پێویستە لەژێر ڕۆشنایی گۆڕانكاری و واقعی سیاسی و ئەمنیی تازەی عێراقدا بێت و جەوهەری كێشەكانیش سیاسیین نەك سەربازی و دەبێ مامەڵە لەگەڵ هۆكارەكان بكرێت نەك ئەنجامەكان. ئەگەر بێتوو ڕێگەی سیاسی گونجاو دۆزرایەوە ئەو كات باشتر دەتوانرێ شەڕ لەگەڵ تیرۆریش بكرێت. پەیوەست بە ڕووداوەكانی ئەم دواییەش سەرۆك بارزانی ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ڕاگەیاند كە بەر لە قەیرانەكە بەغدامان لە مەترسیی دۆخەكە ئاگادار كردەوە بەڵام بە جدییان وەرنەگرت.
لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە دوای دە ساڵ چاوەڕوانی ئەو پرسیارە هەیە كە چۆن هەنگاو بنێین؟ ئەگەر دەرفەت مابێت پێویستە شیعە و سووننە لەسەر بنەمای نوێ و بەلەبەرچاوگرتنی واقعی تازە كار بكەن و ئەو كات ڕووبەڕووبووونەوەی تیرۆریش ئاسانتر دەبێت. لەبارەی هێزی پێشمەرگەیش سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هێزەكانی پێشمەرگە بەرپرسیارێتیی پاراستنی ئاساییشی كوردستانیان لەسەر شانە و قوربانیشیان داوە و هەڕەشەی تیرۆریستانیش بەردەوام و جدییە و پێشمەرگە ئامادەی بەرپەرچدانەوەی ئەم هەڕەشانەن.
دواتر جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم ڕوونكردنەوە چڕوپڕە و باسی ئەوەی كرد كە گومان لەوەدا نییە هەرێمی كوردستان دەتوانێ لەڕووی ئابووری و بوارەكانی دی گەشە بكات. لەبارەی كێشەكانی عێراقیش وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وێڕای باسكردنی نیگەرانییەكان جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە گۆڕانكاری هەبێت و كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ وەربگیرێت و داوای كرد سەرۆك بارزانی لەو پڕۆسەیەدا بەشدار بێت و ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و حكوومەتێكی تازە پێكبێت و ئەگەر هاتوو پڕۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو پێشەوە بچێت ئەوە ئەمەریكا ئامادەیە پشتیوانیی عێراق بكات لە شەڕی تیرۆر.
باسكردنی ئەولەویەتدان بە چارەسەری سیاسی بەر لە چارەسەری سەربازی بۆ قەیرانی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.