سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 25ى حوزه‌یرانى 2014 له هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له خاتوو "ئێرتارین كۆوزن" به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى ڕێكخراوى پرۆگرامى جیهانیى خۆراك WFP و شاندێكى یاوه‌رى كرد.
له دیدارێكدا ڕه‌وشى په‌نابه‌رانى سووریا له هه‌رێمى كوردستان و ئه‌و ئاوارانه‌ى له ئه‌نجامى ڕووداوه‌كانى ناوخۆى عیراقه‌وه ڕوویان له هه‌رێمى كوردستان كردووه تاوتوێ كرا و، خاتوو كۆوزن سوپاسى WFP گه‌یانده حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌و هاوكارى و یارمه‌تیانه‌ى پێشكه‌ش به په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانیان كردووه و، دووپاتى له‌سه‌ر پێویستیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌نداره نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌كان بۆ یارمه‌تیدانیان كرده‌وه و، ئاماژه‌ى به‌وه دا كه به‌رده‌وامیى ڕووداوه‌كان و زیادبوونى ژماره‌ى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كان، مایه‌ى نیگه‌رانییه و ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌كان له هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى به‌رده‌وامدا بن بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌پێى تواناكان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه هه‌موو هاوكارى و یارمه‌تییه‌كى پێشكه‌ش كردوون، به‌ڵام بهپرسیاریهتیى سه‌ره‌كى له‌م پرسه‌دا ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆى حكوومه‌تى عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، بۆیه ده‌بێ ئه‌وانیش ئه‌ركى خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و ئاوڕى جددى له په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانى ناوخۆى عیراق بده‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها نیگه‌رانیى خۆى ده‌ربڕى له‌وه‌ى كه به هۆى بهردهوهوامیى ڕووداوه‌كان له سووریا و عیراق؛ هه‌رێمى كوردستان پێشبینیى ژماره‌یه‌كى زۆرترى په‌نابه‌ران ده‌كات.
سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها داواى كرد حكوومه‌تى عیراق میكانیزمێك بدۆزێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌ى ئه‌و ئاواره فه‌رمانبه‌ره حكوومییانهى عیراق بدات كه له ئه‌نجامى ڕووداوه‌كانى پێشترى پارێزگاى ئه‌نبار و ڕووداوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى پارێزگاى مووسڵ و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراق ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون، هه‌روه‌ها سیسته‌مى دابه‌شكردنى خۆراكى مانگانه‌یان به جۆرێك ڕێك بخاته‌وه كه بتوانن له كه‌مپه‌كاندا وه‌كوو هه‌ر هاووڵاتییه‌كى دیكه‌ى عیراقى به‌شه خۆراكى مانگانه‌یان به شێوه‌یه‌كى ڕێك‌وپێك وه‌ربگرن.