نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد چەلەبی ڕه‌وشى عیراقیان تاوتوێ كرد

  • دوو شەممە, 23 حوزەیران 2014

نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ی حوزەیرانی 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە د. ئەحمەد چەلەبی سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانیی عیراقی كرد.



لە دیدارێكدا پێشهاتە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەكانی عیراقیان تاوتوێ كرد و تیشكیان خستە سەر ئەو بارودۆخەی دوای ڕووداوەكانی 10ی حوزەیران و كەوتنی پارێزگای مووسڵ و شارەكانی دیكه‌ى عیراق هاتۆتە ئاراوە كە مەترسییەكی گەورەی لەسەر عیراق و پرۆسەی سیاسی دروست كردووە و بە سەدان هەزار كەسیش لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارە بوون كه‌ ژمارەی هەرە گەورەیان ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.


له‌ دیداره‌كه‌دا د. ئەحمەد چەلەبی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو یارمەتیانەی پێشكەشی ئاوارەكانی مووسڵ و تەلەعفەر و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عیراقیان كردووه‌، هه‌روه‌ها داوای كرد هاوكاری وهەماهەنگی لە نێوان حكوومەتی هەرێمى كوردستان و حكوومەتی عیراقدا هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەكدارانی داعش و ئازادكردنی ئەو شوێنانەی لە 10ی مانگەوە كەوتوونەتە دەستی تیرۆریستان.


لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە كێشەكانی عیراق لە بنەڕەتدا كێشەی سیاسین و چارەسەركردنیشیان دەبێ لە ڕێگەی دۆزینەوەی چارەسەری سیاسییه‌وه‌ بێت، چونكە ئەو كێشانە بە هیچ شێوەیەك بە تەنیا بە ڕێگەی سەربازی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى چارەسەر ناكرێن.


ده‌رباره‌ى ئاواره‌كانیش دووپاتی كردەوە ئاوارەكانی مووسڵ و تەلەعفەر و شوێنەكانی دیكەی عیراق كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە خوشك و براى ئێمه‌ن و لە ماڵی خۆیانن و هەموو هاوكاریەكی پێویستیان لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە پێشكەش دەكرێت.

 

 

 

 

Read کد خبر: 620

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی