لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئیتالیا بارودۆخی سیاسیی عێراق تاوتوێ كرا

  • دوو شەممە, 23 حوزەیران 2014

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی 6ـی 2014 خاتوو فێدریكا مۆگێرینی وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لەڕێی تەلەفۆنەوە لە شاری لۆگزامبورگ و بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوڕووپا پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.

 

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بارودۆخی قەیراناویی عێراق نیشاندا و هیوای خواست بە زووترین كات ئەم قەیرانە تازەیەی عێراق كۆتایی بێت. هەروەها لەبارەی دەستپێكی پڕۆسەی سیاسیی و دانیشتنی پارلمانی نوێی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق چەند پرسیارێكی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

 

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئیتالیای كرد بۆ ئەو پێشوازییەی كە لەكاتی سەردانەكەی بۆ وڵاتی ئیتالیا لێی كرابوو و هەروەها وێنەیەكی گشتیی و ڕوونی لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە عێراقی پێش ڕووداوەكانی نەینەوا جیاوازە لەگەڵ عێراقی دوای ئەم ڕووداوانە و هێمای بەوەدا كە پێشتر لە ناوچە هاوبەشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هێزی هاوبەش هەبوو بەڵام ئێستا سوپای عێراقی بوونی نەماوە و حالیحازر بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر، هەرێمی كوردستان سنووری لەگەڵ درواسێیەكی دیكەی جگە لە عێراق هەیە كە بەشێك لە ناوچەكانی لەژێر كۆنتڕۆڵی گرووپە تیرۆریستەكانە و ئەوەیان هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو پێكهاتەكانی عێراق و گشت لایەك. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو كوردستان بەشێك بووە لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و یارمەتیی ئەم پڕۆسەیەی داوە و پاڵپشتی بووە بەڵام بەهۆی مامەڵەكردنی هەڵەی دەسەڵاتدارانی بەغدا و كێشەی تاییفەگەری پڕۆسەی سیاسی گەییشتە ئەم دۆخەی ئێستا. سەرۆك بارزانی ئاماژەیشی بەوەدا ئەگەر قەیرانەكە بەردەوام بێت و چارەسەر نەكرا سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ ڕای گەلەكەی دەگەڕێتەوە.

لە كۆتایی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئیتالیا داوای كرد بەهۆی خێرایی ڕووداو و گۆڕانكارییەكان لە پەیوەندیی بەردەوامدابن و هیوای پێشكەوتن و سەركەوتنی بۆ گەلی كوردستان خواست.

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 622

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی