بەمەبەستی هەماهەنگی و توندوتۆلکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتی هەنگاریا و هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە د.تیبۆر ستماری باڵیۆزی هەنگاریا لە عیراق کرد .
لە دانیشتنێکدا ئالوگۆری بیروراکان لەبارەی زیاتر بەرەوپێشوەچوونی رەوشی ئابوری و پەروەردەیی و زانستی لە هەرێمی کوردستان کرا و باس لەچۆنێتی پەرەپێدانی پەیوەندیدەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی هەنگاریا کرا.
باڵیۆزی هەنگاریا، هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەولێر بکرێتەوە.
هەرواها د.تیبۆر ستماری، ئامادەیی هەنگاریای بۆ پێدانی زەمالەی خوێندن بۆ خۆێندکارانی بەکالۆریۆس و ماستەرو دکتۆرا و هەروەها خولی راهێنانی تایبەت لە وڵاتی هەنگاریا بۆ دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەربڕی.
پاشان جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسگوزاری و پێزانینی خۆی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بە ئامادەییەکانی باڵیۆزی هەنگاریا گەیاند و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتی هەنگاریای بەهەند زانی و سوود وەرگرتن لە بەهرەو توانا زانستی و پەروەردەیی و مرۆییەکانی بەگرنگ وەسف کرد.
هەروەها سەبارەت بەزەمالەتەکان و خولی راهێنانی تایبەت لە وڵاتی هەنگاریا بۆ دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی نیشانیدا هەرێمی کوردستان پێویستی بەکەسانی شارەزاو پسپۆری زیاتر لە هەموو بوارەکان هەیە بەتایبەتی لەبواری ئابوری، بۆیە پێویستە زەمالەتەکان بە گوێرەی پێویستیی سوودیان لێ وەربگیرێت.