ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی لیستی موتەحیدون و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا سەرەتا ئوسامە نوجەیفی بە ناوی خۆی و شاندەكە سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد كە بوونەتە پەناگەیەك بۆ لێقەوماوان و ئاوارە و خەڵكی پارێزگاكانی موسڵ و سەلاحەدین و ئەنبار و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بەدەنگەوەهاتنە هێمایەكە لەوەی كە گەلی كوردستان خاوەنی مۆراڵ و پڕەنسیپی باڵان.
لەم دیدارەدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق تاوتوێ كرا و هەروەها قسە لەبارەی ئیدارەدانی هەڵەی وڵات و هەوڵدانی دەستەڵاتدارانی بەغدا بۆ تۆمەتباركردنی خەڵك و شاردنەوەی شكستە سەربازی و سیاسییەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرا.
چۆنییەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان و كاركردن بۆ ئەكتیڤكردنی پڕۆسەی سیاسی و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی هاوبەش لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی نێو پارلەمانی عێراق تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.