سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێزەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری گەرمیان، جەلەولا و سەعدیە بەسەر كردەوە

  • پێنج شەممە, 31 تەمموز 2014

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی 7ـی 2014 لەدرێژەی بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی ژمارەیەك لە بەرپرسە سەربازی و ئەمنییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە سەردانی میحوەری گەرمیان، جەلەولا و سەعدیەی كرد.


هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا سەرۆك بارزانی لە یەكێك لە بارەگاكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا وتەیەكی بۆ ژمارەیەك پێشمەرگە پێشكەش كرد. لە وتەكەیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی خۆڕاگری و ماندووبوونی پێشمەرگەی كرد و پیرۆزبایی جەژنی لێ كردن و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە دابینكردنی ئاساییش و ئارامی لە كوردستان بەرز نرخاند و ڕایگەیاند لەسایەی ماندووبوونی پێشمەرگە گەلی كوردستان لە ئارامیدا دەژیێت و ملیۆنێك و دووسەدهەزار ئاوارەیش لە كوردستاندا لەو ئارامییەدا نیشتەجێن.سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە سەرەڕای ئەوەی گوشارێكی زۆر لەسەر پێشمەرگەیە بەڵام خۆڕاگری و قارەمانێتیی پێشمەرگە ڕێگەی لەوە گرت تیرۆریستان لە خاكی كوردستاندا پێشڕەوی بكەن. هەر لەبارەی ئەرك و ڕۆڵی پێشمەرگە لە ژیانی گەلی كورد سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند ئەركی پێشمەرگە قورس و مێژووییە و پێشمەرگە پێش مەرگ دەكەوێت بۆ ئەوەی ژیان بۆ گەلەكەی دابین بكات و بوونی پێشمەرگە مانای بوون و مانەوەی كوردستان دەدات.

سەبارەت بەو گلەییانەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە لەبارەی هاتنی پێشمەرگە بۆ ئەم ناوچانە دەكرێت سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا دەبێ پرسیار لەوانە بكرێت كە ئەگەر پێشمەرگە نەبا چیی ڕووی دەدا و ئەو ناوچانە لەدەستی كێدا دەبوون؟

لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی شۆڕشی ئەیلوول و ڕاپەڕینی گەلی كوردستانی كرد و هێمای بەوەدا كە هەر لە شۆڕشی ئەیلوولەوە دروشمی گەلی كوردستان دیموكراسی بۆ عێراق بووە و لە ڕاپەڕینەدا دوو فەیلەقی سوپای عێراقی كە كوردستانی وێران كردبوو كەوتە دەستی خەڵكی كوردستان بەڵام یەك سەربازی عێراقی ئازاری پێ نەگەییشت و ئەوە بەرزترین ڕەوشت بوو كە گەلی كورد بۆ دیموكراسیخوازی و پێكەوەژیان نیشانی دا و لەدوای ڕووخانی ڕژێمیش هەوڵماندا عێراقی دیموكراتی دروست ببێت بەڵام لایەنەكانی دی نەیانویست دیموكراسی لە عێراقدا سەر بگرێت و عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە و بە ڕاشكاوی دەڵێین كە لەوە زیاتر هیچمان پێ ناكرێت و ئەوەی لەدەستمان هاتووە بۆ عێراق كردوومانە و ناكرێ چاوەڕێی چارەنووسێكی نادیار بكەین. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان لەسەر دوو ڕێڕەو كار دەكات یەكیان ئەوەیە كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بدات و ئەوەی تریان كاركردنە بۆ پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان.

سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی ڕەوشی پێشمەرگەی كرد و ئەوەی خستەڕوو كە ڕەوشی پێشمەرگە باشتر دەبێ و چەكی باشیان دەخرێتە بەردەست و جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەموو دۆخ و ئەگەرێكدا وریا و ئامادە بین. سەرۆك بارزانی سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كرد و سڵاویشی بۆ گیانی پاكی شەهیدان نارد بە تایبەت ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆریستاندا شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشی بۆ برینداران خواست. 

 

 

 

 

Read کد خبر: 677

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی